ئەردۆغان: سوورین لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان
رووداو دیجیتاڵ
لە پاش کۆبوونەوەیەکی چەند کاژێری و واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ "رێگەی گەشەپێدان"، هەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆشکی بەغداوە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا قسەیان کرد.
رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی، سوورن لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان، "ئاگامان لەو كێشانە هەیە کە عێراق بە دەستیەوە دەناڵێنێت بە تایبەت کێشەی ئاو... هاوئاهەنگیی پێویست بۆ جێبەجێکردنی تەواوی رێککەوتنەکان [لەگەڵ عێراق] تەرخان دەکەین".
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "پەیوەندیی مێژوویی و کولتووریی هاوبەشمان لەگەڵ عێراق هەیە. ئەو رێککەوتنانەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران [محەممەد شیاع سوودانی] واژۆمان کردووە، پتەون".
لەبارەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ـەوە، ئەردۆغان باسی لەوە کرد، "پێشوازی لەوە دەکەین کە پەکەکە وەکو رێکخراوێکی قەدەخەکراو لە عێراق دانراوە... لە کۆبوونەوەکانمان باسمان لە پەیوەندیی دوو قوڵیی نێوان عێراق و تورکیا کرد. گفتوگۆمان کرد لەبارەی هەنگاوی هاوبەشمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەکەکەی تیرۆریست".
لەلایەکی دیکە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "زیاتر لە 24 لێکتێگەیشتنمان لەگەڵ تورکیا واژۆ کردووە... هەروەها رێککەوتنێکی 10 ساڵەش لەبارەی ئاو. سیاسەتی عێراق ئەوەیە ئاڵنگارییەکان بکەینە دەرفەت".
لەبارەی پرسی ئەمنییەوە، سوودانی ئاماژەی بەوە کرد، "رێگە بەهیچ هێزێک نادەین خاکی عێراق بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر خاکی دراوسێکانمان".
ئەمڕۆ پاش 13 ساڵ، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و شاندێکی یاوەری سەردانی عێراقیان کرد.