وەزارەتى ناوخۆى عێراق بۆ رووداو: 738 کرێکارى بیانى لە بەغدا دەستگیرکران

رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، لە هەڵمەتێکدا لە بەغدا 738 کرێکارى بیانییان دەستگیرکردووە، کە سەرپێچى رێکار و مەرجەکانى مانەوەیان کردووە.
شەممە 22ـی ئادارى 2025، میقداد میرى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو بیانییانە لەلایەن هێزەکانى سەر بە فەرماندەیی پۆلیسی رەسافەى بەغدا و پۆلیسی فیدراڵى و ئاژانسى هەواڵگرى و بەڕێوەبەرایەتیى بارى شارستانی دەستگیرکراون.
میقداد میرى گوتیشى، "دەستگیرکردنى ئەو کەسانە لە چوارچێوەى ئۆپەراسیۆنێکى بەرفراواندا بووە بۆ وردبینى لە کرێکارانى عەرەبی و بیانى و دەستگیرکردنى ئەوانەى کە سەرپێچى رێکار و مەرجەکانى مانەوەیان کردووە یان بەبێ ڤیزا و رێکارە فەرمییەکان چوونەتە ناو خاکى عێراقەوە. "
25ـی تشرینى دووەم تاوەکو 25ـی کانوونى یەکەمى 2024، وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەرفەتى بە کرێکارانى بیانى دا بۆ ئەوەى دۆخى یاسایی خۆیان لەگەڵ یاسای کارى عێراق بگونجێنن و خۆیان تۆمار بکەن.
گوتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق رایگەیاند: دواى دەستگیرکردنى ئەو 738 کەسە، رێوشوێنى یاسایی پێویست لە دژیان گیروانەتەبەر.
دیارترین ئەو رێوشوێنانەى لە دژی کرێکارانى بیانى بێ مۆڵەت دەیگرێتەبەر، گەڕاندنەوەیانە بۆ وڵاتەکانیان.