لە رووداوێکی هاتووچۆ لە نێوان زیقار و بەسرە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 19ش بریندار بوون


رووداو دیجیتاڵ
 
رووداوێکى هاتووچۆ لەسەر رێگەى نێوان پارێزگاى زیقار و بەسرە روویدا کە بەگوێرەى بەرپرسێکى خۆجێیی شارەکە، بەهۆی رووداوەکە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و 21 کەسی دیکەش بریندار بوون.

رووداوەکە ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ى ئادارى 2023 لەنێوان رێگەى سەرەکیی پارێزگاى زیقار بۆ پارێزگاى بەسرە روویداوە.

نەبیل موسەوى، قایمقامى قەزاى سوق شیوخ لە سنوورى پارێزگاى زیقار بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "رووداوەکە لەنێوان پاسێک و ئۆتۆمبێلکى دیکە روویداوە. بەهۆى ئەو رووداوەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداو 21 کەسی دیکەش بریندار بوون و بریندارەکان رەوانەى نەخۆشخانەى گشتىی سوق شیوخ کراون."

ئەوە دووم رووداوى هاتووچۆیە کە لە ماوەى 24 کاژێردا لە سنوورى پارێزگاى زیقار رووبدات، لەپاش ئەوەى 21ى ئادار بەهۆى وەرگەڕانى پاسێک لەسەر رێگەى سەرەکیى زیقار بۆ پارێزگاى دیوانیە، چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 17ـی دیکە برینداربوون.

بەگوێرەى ئامارى دەزگاى ناوەندی ئامارى عێراق، ساڵى 2022 زیاتر لە 11 هەزار رووداوى هاتووچۆ لە عێراق روویانداوە، بەهۆیەوە سێ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، بەراورد بە ساڵى 2021یش رووداوەکان بە رێژەی 8% زیادیان کردووە.