عەلی سیستانی: چوارشەممە یەکەم رۆژی مانگی شەعبانە
رووداو دیجیتاڵ
عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق یەکەم رۆژی مانگی شەعبانی دیاریکرد.
نووسینگەی عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی چوارشەممە 22-02-2023 یەکەم رۆژی مانگی شەعبانی ساڵی 1444ی کۆچییە.
ئەمە لەکاتێکدا، لای سعودیە و میسر و سوننەکانی عێراق، رۆژی سێشەممە وەک یەکەم رۆژی مانگی شەعبان دیاریکرا.
دوای مانگی شەعبان، مانگی رەمەزانە. نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان رۆژی 19-02-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئێوارەی 29ی مانگی شەعبان، لقەکانی لیژنەی بینینی مانگ لە هەموو پارێزگاکان چاودێریی بینینی مانگ دەکەن بە مەبەستی دیاریکردنی یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان."
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی: "بە تێلیسکۆپ و چاو لە ناوچە بەرزاییەکانەوە چاودێریی بینینی مانگ دەکرێت و بڕیاریش لای لیژنەی بینینی مانگە."
ساڵی رابردوو، لیژنەی بینینی مانگ لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە هەرێمی کوردستان رۆژی 1ـی نیسانی 2022 کۆبووەوە و رۆژی 2ـی نیسانی 2022ـی بە یەکەم رۆژی رەمەزانی ساڵی 1443ـی کۆچی دیاریکرد.
ساڵانە بەپێی رۆژمێری زایینی، مانگی رەمەزان 10 رۆژ پێش وادەی دیاریکراوی ساڵی پێشوو دەبێت، بەڵام بۆ دڵنیابوون لە هاتنی مانگی رەمەزان، بینینی مانگ بۆ بەڕۆژووبوون کراوەتە پێوەر.
هەموو ساڵێکیش لە دوایین رۆژەکانی مانگی شەعباندا لیژنەی بینینی مانگ لە هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە بۆ چاودێریکردنی مانگ، داوا لە هەموو هاونیشتمانییانیش دەکەن چاودێری مانگ بکەن و مانگیان بینی لیژنەکە ئاگاداربکەنەوە.