دوو کەس لە بەسرە رێگە نادەن ئاڵای کوردستان بەرزبکرێتەوە و "ناچار" دەکرێن داوای لێبووردن بکەن


رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی لە په‌رله‌مانى عێراق رایگەیاند، وەزیری ناوخۆی عێراق گوتوویەتی کە بەدوای ئەو هاووڵاتییە کوردەدا دەگەڕێن کە لەلایەن دوو هاوڵاتی عەرەبەوە رێگریی لێکرا لە یاریگەی بەسرە ئاڵای کوردستان بەرز بکاتەوە و داوای لێبووردنی لێ دەکرێت. 
 
بەگوێرەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە یاریگه‌ی نێودەوڵەتیی بەسرە لە یاری کۆتایی پاڵەوانێتی کەنداو 25دا تێیدا ده‌رده‌كه‌وێت لەلایەن دوو کەسەوە ئاڵای کوردستان لە گەنجێکی هاندەر وەردەگیرێت‌ و رێگه‌نادەن بەرزی بکاتەوە، ئەوەش كاردانه‌وه‌ى به‌دواى خۆیدا هێنا. 
 
رۆژی یەکشەممە 22-1-2023، سۆزان مەنسور، گوتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: وەزیری ناوخۆی عێراق پێی راگەیاندم، بەدوای ئەو هاووڵاتییە کوردەدا دەگەڕێن کە لەلایەن دوو هاووڵاتی بە رەچەڵەک عەرەب رێگری لێکرا لە یاریگەی بەسرە ئاڵای کوردستان بەرز بکاتەوە و دەبێت بە فەرمی داوای لێبووردنی لێبکرێت. 
 
سۆزان مەنسور گوتیشی: ژمارەیەک کورد بووین وەک هاندەر بە جلوبەرگی کوردییەوە لە پاڵەوانێتی کەنداو 25 ئامادەبووین، کە زانرا کورد بۆ بینینی یارییەکە هاتوون بۆ بەسرە، گۆرانی کوردییان لە یاریگاکە پێکرد. 
 
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەکرد: ڤیدیۆی رێگریکردن لەو گەنجە کوردەم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بینی، بۆیە پەیوەندیم بە وەزیری ناوخۆی عێراقەوە کرد و پێی راگەیاندم، "ئەو کارە قبووڵکراو نییە و بەدواداچوون دەکەن لەبارەیەوە، ئەو دوو گەنجە دەبێت بە فەرمی داوای لێبووردن لە هاووڵاتییە کوردەکە بکەن."