پلاندانانی عێراق بۆ رووداو: لە دوو رۆژدا ئەنجامی بەرایی سەرژمێری رادەگەیێنرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان بە باشی بەڕێودەچێت و 65٪ بۆ 70٪ی پرۆسەکە تەواوبووە. "لە دوو رۆژدا ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی رادەگەیێنرێت." بەپێی گوتەی گوتەبێژی وەزارەتەکە.
عەبدولزەهر هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 21-11-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا ئەنجامەکانی پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بە نایابی دەگەنە سەنتەری داتا و زانیاییەکان".
بە گوتەی عەبدولزەهر هینداوی، "لە زۆربەی پارێزگاکان پرۆسەکە 65٪ بۆ 70٪ی تێپەڕاندووە. ئەمڕۆ تاوەکو 12ی شەو تەواو دەبێت. لە هەندێک پارێزگا پێش 12ی شەویش تەواو دەبێت".
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق گوتی، لە دوو رۆژدا ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی دانیشتووان رادەگەیێنێت، ئەنجامی بەرایی بریتییە ژمارەی دانیشتووانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگایەک، ژمارەی نێر و مێ، ژمارەی دانیشتووانی شار و گوند و تەمەن لەگەڵ هەندێکی وردەکاریی دیکە؛ بەڵام ئەنجامی کۆتایی بە وردەکاریی تەواوەوە، مانگ و نیوێک بۆ دوو مانگی دیکە رادەگەیێندرێت.
لەبارەی قۆناخی داهاتوو، هینداوی باسی لەوە کرد، لەدوای 21ی مانگ، تیمەکانی سەرژمێریی جارێکی دیکە سەردانی خێزانەکان دەکەنەوە، پرۆسەکە 20 رۆژ دەخایێنێت، بۆ پرسیارکردن لەبارەی وردەکاریی زیاتر لە بوارەکانی (تەندروستی، خوێندن، ئابووری، کۆمەڵایەتی و نیشتەجێبوون)ـەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق باسی پڕۆسەکەی لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "هاوئاهەنگییمان لە ئاستی باڵا لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، کارەکان بەباشی بەڕێوەدەچن، لە هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق پرۆسەکە، 65٪ بۆ 70٪ی تەواو بووە".
تائێستا تیمەکان سەردانی هەندێک شوێنیان نەکردووە، لەوبارەوە هینداوی دەڵێت، پرۆسەکە بۆ دوو رۆژ دابەشکراوە، هێشتا ئەمڕۆ رۆژێکی دوورودرێژیان لەبەردەمە، تیمەکان دەگەنە هەموو شوێنێک.
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاماژەی بە ئاستەنگییەکان کرد و دەڵێت، دووری نێوان هەندێک لە ناوچەکان یەکێکە لە ئاستەنگییەکان. هەندێک کاتیش بەهۆی لۆدی زۆرەوە ئامێرەکان چەند خولەکێک لەکار دەکەون و دواتر دەکەونە کار.