فەرمانى دەستگیرکردن بۆ وەزیرى پێشووى بازرگانیی عێراق دەرکرا
رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکى بەغدا فەرمانى دەستگیرکردن بۆ عەلا جبوورى، وەزیرى پێشووى بازرگانیى عێراق دەردەکات، ئەگەر تۆمەتەکەی بەسەردا ساخ ببێتەوە، دەکرێت بە 10 ساڵ بەندکردن سزا بدرێت.
بەگوێرەى فەرمانێکى دەستگیرکردن کە لە 9ى تشرینى دووەمى 2022 لەلایەن دادگەى لێکۆڵینەوەى 1ى کەرخ دەرکراوە، بڕیارى دەستگیرکردن بۆ عەلا جبووری، وەزیرى پێشووى بازرگانیى عێراق دەرکراوە. ئەوەش دوای ئەوەی لە نووسینگەى لێکۆڵەرى دادوەریى تایبەت بە دۆسیەکانى دەزگاى هەواڵگرى نیشتیمانى عێراقى سکاڵایەکی لە دژی تۆمارکراوە.
لە فەرمانى دەستگیرکردنەکەدا هاتووە: عەلا جبوورى بەگوێرەى مادەى دووەمى بڕیارى ژمارە 160ى ساڵى 1983 تۆمەتبارکراوە.
ئەو ماددەیەی بڕیاری ژمارە 160ی "ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش" تایبەتە بە بەکارهێنانى پۆست و پلە بۆ بەرژەوەندى و سوودى کەسی و وەرگرتنى بەرتیل و سزاکەى دەگاتە 10 ساڵ بەندکردن.
عەلا جبوورى یەکێکە لە کەسایەتییە سیاسییەکانى سوننە لە سنوورى شارى موسڵ، لەنێوان ساڵانى 2020 بۆ 2022 وەزیرى بازرگانیى عێراق بوو.