عێراق؛ هۆشداری لەنێوچوونی برنجی عەنبەر دەدرێت و حکومەتیش وەڵامی نییە

 
رووداو دیجیتاڵ

کاتێک دەچیتە شارۆچکەی میشخاب لە پارێزگای نەجەف، هەست بە بۆنێك دەکەیت لە هەموو ناوچەکانی دیکەی جیهانی جیادەکاتەوە، چونکە جۆرێک بەروبوومی بۆنداری لێیە کە پێی دەگوترێت عەنبەری میشخاب.
 
ئەو بەروبوومە بە شێوازی نەریتی کۆن دەچێندرێت، بە رادەیەک کە شێوازی چاندنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شارستانیەتی سۆمەری.
 
محەممەد چاسب فەتلاوی، جووتیار دەڵێت، "عەنبەری میشخاب هیچ کات هاوشێوەی نییە، هاوشێوەی نییە؛ نە یاسەمین، نە عەنبەر، نە هیندی و نە هیچ جۆرێکی دیکە، بۆن و بەرام و هەرچییەکت بوێ تێیدایە، بە خودا تەنانەت دەتوانیت ئامادەی بکەیت و بە تەنیا بیخۆیت بەبێ هیچ شتێک".
 
عێراق بە تەنیا بەناوبانگە بە چاندنی عەنبەر، ئەو ناوچانەشی کە ئەو برنجەیان تێدا دەچێندرێت بە درێژایی دەشتایی نیشتەنی درێژدەبنەوە، کە پێشتر بە ناوچەی دوو رووبارەکە ناسرابوو.
 
حەسەن هادی عیساوی، جووتیار ئاماژە بەوە دەکات، "بۆ چاندنی عەنبەر، سەرەتا زەوییەکە دەکێڵین و ئاودێرییەکە راستدەکەینەوە، دواتر زەوییەکە تێر ئاو دەکەین، دوای ئەوەش زەوییەکە دەکوتینەوە و تۆوەکان دەوەشێنین، دوای چەند رۆژێک ئاو لە زەوییەکە دەبڕین و بە ویستی خودا گەشە دەکات، دواتر پەیینی پێ دەدەین".
 
بە گوتەی بەرپرسانی بواری کشتوکاڵ وەزارەتی بازرگانی ئامادە نییە گرنگی بە چاندنی ئەو برنجە دەگمەنە بدات کە خەریکە لەنێودەچێت.
 
هاشم گرعاوی، جێگری پارێزگاری نەجەف لەوبارەوە دەڵێت، "چەندین توێژینەوەمان لەبارەی ئەو بابەتە ئامادە کردووە، بەڵام حکومەتی فیدراڵی بەدەم زۆر لە توێژینەوەکان نەهاتووە کە لەنێوان ساڵی 2009 تاوەکو ئێستا ئامادەکراون، هیوادارین لە رێگەی بەردەوام قسەکردن لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی، رێکارەکان ئاسان بکرێن و هەناردە بکرێت، چونکە ئەگەر هەناردە بکرێت ئەوکات نرخەکانی بەرز دەبێت، ئەگەرچی دەوڵەتیش نەیکڕێت".
 
بە رووبەری 20 هەزار دۆنم زەوییە تەرخانکراوەکان بۆ چاندنی برنجی عەنبەر لە میشخابەوە دەگەنە پارێزگای دیوانییە، بەرهەمیشیان دەگاتە زیاتر لە 15 هەزار تۆن، بەڵام وەزارەتی بازرگانی هاوشێوەی مامەڵەکردن لەگەڵ بەرهەمەکانی دیکە مامەڵە لەگەڵ ئەم بەرهەمە دەگمەنە دەکات.