لە ئەنبار بە درۆن هێرشکرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمریکا
رووداو دیجیتاڵ
دوو سەرچاوەی ئەمنی و سەربازی بە ئاژانسی فرانس پرێسیان گوتووە، ئەمڕۆ شەممە، بە دوو درۆن هێرش کراوەتە سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق کە سەربازانی ئەمریکای تێدا جێگیرکراون. هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و مادی لێ نەکەوتووەتەوە.
هێرشەکە دوای ئەوە دێت کە گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی لایەنگری ئێران هەڕەشەیان کرد کە لە بەرامبەر پشتیوانیی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، بەرژەوەندییەکانی واشنتن لە عێراق و ناوچەکە دەکەنە ئامانج، لە کاتێکدا ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە و خۆی بۆ هێرشی زەمینی ئامادە دەکات.
سەرچاوەیەکی ئەمنی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسە هەواڵییە فەرەنسییەکەی گوتووە، "دوو درۆن" هێرشیان کردووەتە سەر عەین ئەسەد، یەکێکیان بەرپەرچدراوەتەوە و خراوەتەخوارەوە، بەڵام "دووەمیان بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکیەوە لە نێو سەربازگەکە کەوتە خوارەوە بێ ئەوەی زیانی لێ بکەوێتەوە."
سەرچاوەیەکی دیکەی سەربازی بە فرانس پرێسی راگەیاندووە، "درۆنێک لەنێو بنکەکە کەوتە خوارەوە بێ ئەوەی زیانی هەبێت."
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، گرووپی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" لە تەلەگرامەوە رایگەیاند، نیوەڕۆی رۆژی شەممە هێرشێکی درۆنییان کردووەتە سەر عەین ئەسەد.
لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە، هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە بنکە ئاسمانیی عەین ئەسەد لە ئەنبار، بنکەی ئاسمانیی هەریر لە شارۆچکەی هەریری سەر بە پارێزگەی هەولێر و لە بنکەیەکی سەربازیی نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا، رووبەڕووی پێنج هێرش بوونەتەوە.
گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دەڵێن، ئیسرائیل و ئەمریکا کۆمەڵکوژییان لە غەززە ئەنجامداوە، هەروەها کەتائیبی حیزبوڵڵا کە یەکێکە لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی حەشدی شەعبیی عێراقی، لە راگەیێندراوێکدا جەختیکردەوە کە پێویستە "ئەو شەڕەنگێزانە وڵاتەکەمان جێبێڵن"، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ هێزەکانی ئەمریکا، هەروەها هەڕەشەیکرد کە ئەگەر لە عێراق نەڕۆنە دەرەوە، "پێش ئاخیرەت لە دونیادا دەخرێنە ئاگری دۆزەخەوە."
تاوەکو سەرەتای ساڵی رابردوو، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەوام رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنی دەبوونەوە، بەڵام هاوینی هەمان ساڵ، عێراق جۆرێک سەقامگیریی بەخۆیەوە بینی و هێرشەکان وەستان.
لە کۆتایی ساڵی 2021، عێراق رایگەیاند کە ئەرکی هێزە شەڕکەرە بیانییەکان لە وڵاتەکەی کۆتایی هاتووە و ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی گۆڕاوە بۆ راوێژپێدان و مەشقپێکردنی هێزە نێوخۆییەکان. لەو چوارچێوەیەشدا، دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمریکی و هەزار سەربازی دیکەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سێ بنکەی سەربازی و ئاسمانیی عێراق و هەرێمی کوردستان ماون.
تاوەکو ئێستا بە گوێرەی وەزارەتی تەندروستیی غەززە، 4 هەزار و 385 کەس لەو کەرتە کوژراون، کە هەزار و 756یان منداڵ و 967یان ژنن. هەروەها 13 هەزار و 561ی دیکە برینداربوون. جگە لەوە، 51 ئەندامی تیمە پزیشکییەکان کوژراون و 87ی دیکەیان برینداربوون.
لە لایەنی ئیسرائیلیش، سەرووی هەزار و 400 کەس کوژراون کە سوپای ئەو وڵاتە دەڵێت، زۆربەیان سڤیلن.