هۆشیار زێباری: سەیرانگەکەی زاخۆ بە تۆپى 155 ملیم تۆپبارانکراوە


رووداو - هەولێر

هۆشیار زێبارى، ئەندامى مەکتەبی سیاسیى پارتى دیموکراتى کوردستان پێشنیاز دەکات، لیژنەیەکى سێقۆڵى لەنێوان عێراق، تورکیا و هەرێمى کوردستان پێکبهێندرێت لە بارەى تۆپبارانەکەی گوندی پەرەخ لە سنووری زاخۆ. دەشڵێت، هێرشەکە بە تۆپی 155 ملیمی ئەنجامدراوە.
 
هۆشیار زێبارى کە لەنێوان ساڵانى 2006 بۆ 2010 وەزیرى دەرەوەى عێراق بوو، 21ـى تەممووزى 2022، لە تویتێکدا نووسیویەتی: "ئەوەى بەرپرسانى تورکیا لەبارەى بەئامانجگرتنى شوێنێکى گەشتیاریى مەدەنى لە زاخۆ تێیناگەن ئەوەیە کە سەرجەم شەهیدەکانى عەرەبی عێراقین و لە باشوورى عێراقەوە بەمەبەستى گەشتکردن روویان لە دوورترین خاڵى وڵاتەکەیان کردووە و بە تۆپى 155 ملیم و لەناو خاکى تورکیاوە تۆپبارانکراون."
 
هۆشیار زێبارى پێشنیاز دەکات لیژنەیەکى لیکۆڵینەوەى هاوبەش لەنێوان عێراق، تورکیا و هەرێمى کوردستان پێکبهێندرێت لەبارەى ئەو رووداوە.
 
20ـى تەممووز ناوچەیەکى گەشتیارى لە گوندی پەرەخ لە سنوورى شارى زاخۆ تۆپبارانکرا و بەهۆیەوە نۆ گەشتیارى عەرەبى شارەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق گیانیان لەدەستدا و 23 گەشتیارى دیکەش برینداربوون.
 
حکومەتى عێراقى تورکیاى تۆمەتبارکرد بە ئەنجامدانى ئەو بۆردوومانە و لەبەرامبەردا تورکیا رەتیکردەوە کە ئەو تۆپبارانەکەی ئەنجامدابێت. 
چەند زانیارییەک لەبارەی تۆپی 155 ملیمی:

- تۆپەکە تایبەتە بە هێزە وشکانییەکانی سوپای تورکیا و لەلایەن کۆمپانیای MKEKـەوە دروستکراوە. 

- ئەو سیستمە دەتوانێت تۆپەکە تاوەکو دووری 40 کیلۆمەتر بهاوێژێت بەپێی جۆری تۆپەکە دەگۆڕێت.

- ئەو ئۆتۆمبێلەی سیستمەکەی لەسەر جێگیرکراوە دەتوانێت بەخێرایی تاوەکو 20 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا بڕوات.

- بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1990 دروستکراوە و دراوە بە سوپای تورکیا. 

- تورکیا لە ساڵی 2012 رایگەیاند، 225 ئۆتۆمبێلیان هەیە کە سیستمەکەی لەسەربێت و پلانیان ئەوەیە بیکەنە 400. 

- جگە لە تورکیا سوپای پاکستانیش لەو جۆرە تۆپە بەکاردەهێنێت بۆ سوپاکەی.