دوو لیژنەى پەرلەمان داوا لە سوودانى دەکەن لە بڕیارێکى پاشگەز ببێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
دوو لیژنەى پەرلەمان بە فەرمى داوا لە سەرۆکوەزیرانى عێراق دەکەن لە بڕیارێکى پاشگەز ببێتەوە بۆ ئەوەى دەسەڵاتى دانان و لادانى دوو پۆستى باڵا بداتە ئەنجوومەنى پارێزگاکان.
نووسراوەکان، کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتوون، لەلایەن هەردوو لیژنەى تەندروستى و هەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمانی عێراق ئاڕاستەى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی عێراق کراون.
ناردنى ئەو دوو نووسراوە لە دواى ئەوە بووە کە ئەحمەد فەتلاوى، هاوئاهەنگیکارى گشتیى کاروبارى پارێزگاکان لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق 4ى حوزەیران نووسراوێکى ئاڕاستەى پارێزگاکان کردووە، رەزامەندیى سوودانى پێ راگەیاندوون بۆ ئەوەى رێکارەکانی گۆڕینی هەردوو پۆستى بەڕێوەبەرانى گشتیى تەندروستى و پەروەردەى پارێزگاکان لە دەسەڵاتى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بێت لە برى وەزارەتەکانیان.
لە نووسراوەکەى لیژنەى هەرێم و پارێزگاکانى پەرلەماندا بۆ سەرۆکوەزیران هاتووە: "ئەو بڕیارە پێچەوانەى هەردوو یاساى بیمەى تەندروستى و یاسای پارێزگاکانى عێراقە." هەروەها لە نووسراوەکەى لێژنەى تەندوستى پەرلەمان بەهەمان شێوە ئاماژە بەوەدراوە گۆڕینى بەڕێوەبەرى تەندروستى لە لەلایەن ئەنجوومەنى پارێزگانەوە "پێچەوانەى یاسایە" و داواى لێکردووە بڕیارەکە بکشێنێتەوە.
ماجید شنگالى، سەرۆکى لیژنەى تەندروستیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بەگوێرەى یاساى بیمەى تەندروستى، دەبێت فەرمانگەکانى سەر بە کەرتى تەندروستى لەلایەن وەزارەتى تەندروستییەوە بەرێوەببرێن.
ئەو بڕیارەى سەرۆکوەزیرانى عێراق لەسەر بنەماى داواکاریى ژمارەیەک لە ئەنجوومەنى پارێزگاکان بووە بۆ ئەوەى بتوانن هەردوو بەڕێوەرەکە بگۆرێن، ئەگەر تێبینى لەسەر کارەکانیان هەبوو بەبێ ئەوەى بگەڕێنەوە بۆ حکومەت.
ماجید شنگالى گوتى: "تاوەکو ئێستا وەڵامى نووسراوەکەمان نەدراوەتەوە، بەڵام هەردوو وەزارەتى پەروەردە و تەندروستى دەتوانن لە دادگەى کارگێڕى سکاڵا لە دژى ئەو بڕیارە تۆمار بکەن."
بەگوێرەى یاساى پارێزگاکان، هەر فەرمانگەیەک لە سنوورى پارێزگاکاندا، لەسەر بودجەى ئەو پارێزگایانە پارەدارنەکرێ، دەسەڵاتى گۆڕینى بەرپرسەکانی نابێت و لە لایەن وەزارەتە پەیوەندارەکانى حکومەتى فیدراڵى دەگۆڕدرێت و دادەنرێت.
لە 4ى حوزەیران یاسین داوودى، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو نووسراوە بۆ هەموو پارێزگاکان نێردراوە. لە ساڵى 2018ـەوە ئەو دەسەڵاتە دراوەتە وەزارەتەکانى تەندروستى و پەروەردە، بەڵام لەمەودوا دەسەڵاتەکە لە دەستی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەبێت".