لە عێراق خاوەنی 46 کۆمپانیاى دراو دەستگیردەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند؛ خاوەنی 46 کۆمپانیاى ئاڵوگۆڕى دراو بەتۆمەتى ساختەکاری و فێڵکردن لە سەکۆى ئەلیکترۆنیى بانکى ناوەندیى عێراق بۆ فرۆشتنى دۆلار، دەستگیرکراون. ئەو کۆمپانیایانە لە رێگەى بەکارهێنانى پاسپۆرتى هاووڵاتییان دۆلاریان کڕیوە، بەبێ ئەوەى خاوەنەکانیان ئاگاداربن.
رۆژی 21ـی حویزەرانى 2023 دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، ئەو کۆمپانیایانەی ئاڵوگۆڕى دراو، ساختەکارییان لە زانیارییەکاندا کردووە و پێشێلکارییان کردووە، بۆ فێڵکردن و خۆدزینەوە لە سیستمى سەکۆى ئەلیکترۆنى بانکى ناوەندى بۆ فرۆشتنى دۆلار.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، ئەو کۆمپانیایانە پاسپۆرتى هاووڵاتییانیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەى لە رێگەى هەر پاسپۆرتێکەوە دوو هەزار دۆلار لە بانکى ناوەندى وەربگرن، بەبێ ئەوەی خاوەنی پاسپۆرتەکان رازی بن، بۆ ئەو کارەش تیکتى ساختەى گەشتکردنیان پێشکێش کردووە، لەکاتێکدا خاوەنى پاسپۆرتەکە واژۆى لەسەر بەڵگەننامە پێویستەکانى وەرگرتنى ئەو بڕە دۆلارە نەکردووە.
بانکى ناوەندى لە رێگەى سەکۆى ئەلیکترۆنییەوە داواکاریى کڕینى دۆلار وەردەگرێت، دوو هەزار دۆلار بە نرخى 1310 دینار بۆ هەر دۆلارێک دەداتە گەشتیار.
دەستەى دەستپاکیى عێراق ئاماژەى بەوەداوە؛ 20 لەو کۆمپانیایانەى ئاڵوگۆڕى دراو لە بەغدا بوون، هەشت لە بەسرە، حەوت لە واست و ئەوانى دیکەش لەپارێزگاکانى میسان، ئەنبار، موسەننا، نەجەف، دیوانیە و بابل.
ئاشکرابوونى ئەو دۆسیەیە لە رێگەى پەیوەندیکردنى تیمەکانى لێکۆڵینەوەى دەستەى دەستپاکى بووە بە خاوەنى ئەو پاسپۆرتانەى دۆلاریان لە بانکى ناوەندى پێ وەرگیراوە، کە بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، رەتیانکردووەتەوە دۆلاریان لە رێگەی بانکی ناوەندی کڕیبێت.
دەستەى دەستپاکى رایگەیاندووە، دادوەرى دادگەى لێکۆڵینەوەى دووەمى کەرخ بڕیاریداوە لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى کارگێڕى پێکبهێندرێت لەبارەى ئەو رێوشوێنانەى بانکى ناوەندى بۆ چاودێریکردنى کارى هەندێک لە کۆمپانیاکانى ئاڵوگۆڕى دراو گرتوویەتییەبەر.
بەکارخستنی سەکۆى ئەلیکترۆنى لەلایەن بانکى ناوەندییەوە لەساڵى 2022، بۆ رێگرىکردن بوو لە بەقاچاخبردن و سپیکردنەوەى پارە. ئەویش لە رێگەى وردبینى لە داواکارییەکانى کڕینى دۆلار، کە پێویستە لەسەر بنەماى گەشتى هاووڵاتییان بۆ دەرەوەى عێراق و هاوردەکردنى راستەقینەى کاڵا بێت.