دادگەى فیدراڵى تاوتوێى سکاڵایەک لەبارەى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک دەکات
رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق تاوتوێى سکاڵایەک دەکات بۆ کشاندنەوەى دەسەڵاتى دارایی و کارگێڕیى پارێزگارى کەرکووک بە وەکالەت، سکاڵاکار داوا دەکات بۆشایی چاودێریى و خزمەتگوزارى پڕبکرێتەوە بەهۆى کۆنەبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا. لیژنەیەکى وردبینى راستییەکان لەبارەى شەرعیەتى یاساییبوونى راکان جبوورى لەو پۆستەدا پێکبهێندرێت.
سکاڵاکە لەلایەن ئەحمەد لهێبی، کە چالاکڤانێکی شاری کەرکووکە لە دژى پارێزگارى کەرکووک بە وەکالەت، سەرۆککۆمار، سەرۆکى پەرلەمان، سەرۆکى وەزیرانى عێراق تۆمار کراوە، ئەمڕۆ سێشەممە، 21ى ئایار دادگە یەکەم کۆبوونەوەى لەبارەیەوە دەکات.
ئەحمەد لهێبى بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "وەک چالاکڤانێک ئەو سکاڵایەم پێشکێشکردووە بۆ ئەوەى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا بکرێت و پارێزگارى نوێ هەڵبژێردرێت."
لە 29ى کانوونى دووەمى ئەم ساڵەوە ئەندامانى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک سوێندى یاساییان خواردووە، بەڵام کۆبوونەوەى ئەو ئەنجوومەنە بۆ هەڵبژاردنى سەرۆک و جێگرانى نەکراوە.
ئەحمەد لهێبى گوتى: "لە دادگەى فیدراڵى پێیانگوتم بەشێک لە داواکانى سکاڵاکە ببەمە دادگەى باڵاى کارگێڕى، چونکە لە پسپۆرى ئەواندا نییە و منیش ئەو داوایانەم بردە دادگەى کارگێڕى"
بەگوێرەى یاساى پارێزگا نارێکخراوەکان لە چوارچێوەى هەرێمێکدا، 5ـی شوبات دوا وادە بوو بۆ کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لەسەر داواى پارێزگار، کۆبوونەوەى ئەنجوومەنەکە پێویستى بە ئامادەبوونی زۆرینەیە، کە نۆ ئەندامە.
کۆنەبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا بەهۆى رێکنەکەوتنى لایەنەکانە لەسەر پێکھێنانى حکومەتى خۆجێیی بەتایبەت پۆستى پارێزگار.