لە بەغدا لە رێوشوێنێکی ئەمنیی تووندا نوێژی جەژن کرا


رووداو دیجیتاڵ

لە مزگەوتی ئەبو حەنیفە لە ناوچەی ئەعزەمیەی رۆژهەڵاتی بەغدا، رێوشوێنی تووندی ئەمنی گیرایەبەر بۆ نوێژخوێنانی جەژن.
 
مستەفا عەلی، دانیشتووی شاری بەغدا دەڵێت، "هیوادارین گەلی عێراق و تەواوی نەتەوە موسڵمانەکان کاتێکی خۆش لە کەشێکی ئارام و ئاشتیدا ئەم رۆژە بەسەربەرن و هەوڵ بدەن کۆتایی بە هەموو کێشەکان بهێنن و هەموو ساڵێک بەخۆشی و بەهیوای هەمووان سەلامەت بن".
 
وەک نەریتێک لەنێو دانیشتووانی شاری بەغدا، دوای نوێژی جەژن، بەشێک لە نوێژخوێنان دەچنە گۆڕستان.
 
ئەسیر محەممەد، دانیشتووی شاری بەغدایە و باس لەوە دەکات، "دوای نوێژی جەژن، هەمیشە سەردانی مردووەکانمان لە گۆڕستانی ئەعزەمیە دەکەین و لەسەر گۆڕەکانیان نزایان بۆ دەکەین، بە هیوای لەم رۆژە پیرۆزەدا خودا ئاگاداریان بێت".
 
زیاتر لە هەشت ملیۆن کەس لە بەغدا دەژین و ئەمساڵ پێچەوانەی زۆر لە رەمەزانەکانی 20 ساڵی رابردوو، بەغدا رەمەزانێکی ئارام و دوور لە ئاڵۆزی بەڕێکرد. هەینی یەکەم رۆژی جەژنی سوننەکان بوو و زۆرینەی شیعەکانیش شەممە یەکەم رۆژی جەژنیانە.