کۆشکى سەدام لە بابل بووەتە جێگەى سەردانى گەشتیاران


رووداو دیجیتاڵ 

کۆشکێکى سەدام حوسێن، سەرۆکى پێشووتری عێراق دەکەوێتە شارى مێژوویی بابل. بۆ گەیشتن بە کۆشکەکە، پێویستە بە دەروازەى مێژوویی عەشتاردا تێپەڕ بیت کە بابلیەکان زیاتر لە 500 ساڵ بەر لە زایین دروستیان کردووە. 
 
دواى 20 ساڵ لە نەمانى سەدام حوسێن لە دەسەڵات، گەشتیاران بۆ بینینى کۆشکەکە سەردانى دەکەن. مستەفا قاسم، گەشتیارێکە و دەڵێت: "من و کۆمەڵێکى دیکە لە موسڵەوە هاتووین بۆ ئێرە، بەدیاریکراوى هاتین سەردانى ئەم شوێنە بکەین؛ هاتووین ئەم کۆشکە و شوێنەوارەکانى بابل ببینن. ئێرە بووەتە شوێنێک بۆ کات بەسەربردن، بەتایبەت لە رۆژانى پشوودا."
 
دیوارەکانى کۆشکەکە پڕکراون لە نووسین، بەشێکیان دروشمن دژ بەو کەسەى نزیکەى چارەکە سەدەیەک حوکمى عێراقى کرد. 
 
عەلى مەخزومى، گەشتیارێکی دیکەیە و دەڵێت: "دۆخى کۆشکەکە زۆر شیاو نییە؛ لەسەر دیوارەکانى شت نووسراوە. دەبێت شیاو بێت و بکرێتە مۆزەخانە."
 
لە ساڵى 2003 تاوەکو 2011 کۆشکەکە شوێنی مانەوەی سەربازانی ئەمریکی بوو. ساڵى 2019 ئەو پێگەیەى کۆشکەکەى تێدا دروستکراوە، لەلایەن رێکخراوى یونسکۆوە خرایە لیستى شوێنەوارە مێژووییەکانەوە.
 
حوسێن عەمارى، پشکنەری شوێنەوار لە رێکخراوى یونکسۆ گوتی، "ئەم باڵەخانەیە بەگوێرەى قەبارە و بینا زەبەلاحەکانى بۆ ئەوە باشە بکرێتە مۆزەخانەیەک. ئەمە دوو سودى هەیە. یەکەمیان، ئێمە لە پارێزگاى بابل مۆزەخانەیەکمان نییە کە هاوشێوەى مۆزەخانەى بەغدا یان مۆزەخانەکانى جیهان بێت. سوودى دووەم ئەوەیە داهاتى دارایی دەبێت." 
 
کۆشکەکەى سەدام لەسەر گردۆڵکەیەکى دەستکرد بونیاتنراوە کە 90 مەتر بەرزە، بەسەر رووبارى فورات دەڕوانێت و لە نەوەتەکانى سەدەى رابردوو دروستکراوە و تەواوکردنى ماوەى چوار ساڵى پێچوو.