دەنگۆی نەخۆشکەوتنی سیستانی رەتدەکرێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
نەخۆشخانەی کەفیلی سەر بە عەتەبەی عەباسی لە کەربەلا رەتیدەکاتەوە ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی گواسترابێتەوە نەخۆشخانە و دەڵێت، تەندروستیی سیستانی جێگیرە.
شەوی دووشەممە 21-02-2022 نەخۆشخانەی کەفیلی عەتەبەی عەباسی لە کەربەلا لە بارەی تەندروستیی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، لە راگەیێندراوەکەیدا دەڵێت: "ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی تەندروستیی باشە و لە ئۆفیسەکەی خۆی لە کارکردن بەردەوامە."
لە راگەیێندراوەکەی نەخۆشخانەی کەفیل-دا هاتووە، "ئەو هەواڵانەی باس لە گواستنەوەی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی دەکەن بۆ نەخۆشخانەی کەفیل لە کەربەلای پیرۆز دوورن لە راستییەوە، تەندروستیی سیستانی جێگیرە و بە شێوەیەکی ئاسایی کاروبارەکانی رۆژانەی لە ئۆفیسەکەی بەڕێدەکات."
رۆژی دووشەممە لە بەشێک لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە عێراق هەواڵی نەخۆشکەوتنی سیستانی بڵاوکرایەوە، لەو بارەیەوە نەخۆشخانەی کەفیل ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد: "ئەو هەواڵانە دوورن لە راستییەوە."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەیدا نەخۆشخانەی کەفیل داوا دەکات، میدیا و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خۆیان لەو جۆرە هەواڵانە بەدوور بگرن کە دەبێتە هۆی دروستکردنی پشێویی و بڵاوکردنەوەی نائارامی لە وڵاتدا.