رووداو دیجیتاڵ
تۆمارکردنى کوردانى فەیلی بۆ زانینى ژمارەیان لە عێراق دەستپێدەکات و لە رێگەى ماڵپەڕێکى حکومییەوە بەڵگەنامەکانیان پێشکێش دەکەن و وردبینى لە دۆسییەکانیاندا دەکرێت. هەر کوردێکى فەیلی بۆ هەڵبژاردن خۆى بەربژێر بکات پێویستە بە لێکۆڵینەوەى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران دا تێپەڕ بێت.
عەلى جەهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە رێگەى ماڵپەڕى ئوور، دەستیان کردووە بە وەرگرتنى داواکاریى کوردانى فەیلی بۆ ئەوەى تۆمار بکرێن و بزانرێت ژمارەیان چەندە.
ئەو هەنگاوە بۆ ئەوەیە پشکیان لە دامەزراندن بزانرێت و بکرێتە پێوەر بۆ ئەو کۆتایانەى کە لە پەرلەمانى عێراق و ئەنجوومەنى پارێزگاکان هەیانە.
عەلى جەهانگیر کە ئەندامى لیژنەى سەرپەرشتیارى ئەو تۆمارکردنەیە، ئاماژەى بەوەدا کە زیاتر لە 3500 دواکاری کوردانى فەیلی لە رێگەى ئەو ماڵپەڕەوە پێشکێشکراون، هەندێک لەو کەسانەى گومانیان لەسەرە لە رێگەى لیژنەى لاوەکى وردبینى دەکرێت کە لەو پارێزگایە پێکهێنراون کە کوردانى فەیلی تێدان.
عەلى جەهانگیر گوتى: "وردبینییەکان بە ناو یەکلایی دەکاتەوە کە تۆمارکراو کوردی فەیلی بێت یان نا، یاخود لە شارەکانیان پرس لە کەسانى بە تەمەن دەکرێت لە بنەچەى خێزانى ئەو کەسەى داواکارى پێشکێش کردووە".
بۆ پەرلەمانى عێراق، کوردانى فەیلى یەک کورسیی کۆتایان لە پشکى پارێزگاى واست هەیە، بۆ ئەنجوومەنى پارێزگاکانیش لە بەغداو واست کۆتایان هەیە.
گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق رایگەیاند: نووسراویان بۆ کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان کردووە کە هەر کوردێکى فەیلى بۆ کۆتا لە هەڵبژاردنەکان خۆى بەربژێر بکات، وەزارەتەکەى لێ ئاگادار بکەنەوە، بۆ ئەوەى وردبینى لە دۆسیەکەى بکەن و بسەلمێنرێت کوردى فەیلییە. ئەو هەنگاوە بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان جێبەجێبکراوە و بۆ هەڵبژاردنەکانى داهاتووش کارى پێدەکرێت.
تاوەکو ئێستا زۆرینەى کوردانى فەیلی لە وەزارەتى ناخۆى عێراق دۆسیەکانیان لە خانەى بیانییەکانە، بەهۆى ئەوەى کە بەڵگەنامەى عێراقییان بۆ دەرنەهێنراوە، زیاتر لە ساڵێکە لە رێگەى لیژنەیەکەوە دەستکراوە بە گواستنەوەى دۆسیەکانیان بۆ خانەى عێراقى.
زۆرینەى کوردانى فەیلى لە عێراق لە سەردەمى دەسەڵاتى حیزبى بەعس رەگەزنامەى عێراقییان لێ وەرگیرایەوە و ئاوارەى کۆمارى ئیسلامیى ئێران کران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ