فوئاد حوسێن بۆ شاندێکی ئەمریکا: نابێت خاکی عێراق بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێی بەکاربێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی عێراق لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی ئەمریکا لە وڵاتی بەحرەین دووپاتیکردەوە، نابێت خاکی عێراق بێتە شوێنێک، یان رێڕەوێک بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ.
رۆژی یەکشەممە 20-11-2022، د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کاتی کۆبوونەوەی دیالۆگی مەنامە 18 کە کارەکانی لە مەنامەی پایتەختی بەحرەین بەڕێوەدەچێت لەگەڵ شاندێکی ئەمریکا کۆبووەوە، کە پێکهاتبوون لە باربرا لیڤ، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵانی نزیک. کۆلین کال، بریکاری وەزارەتی بەرگری. برێت مەکگۆرک، رێکخەری کۆشکی سپی بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقیا. گیرشۆم ساکس، راوێژکاری سیاسەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی. ورولاند مکای بەڕێوەبەری کاروباری کەنداو لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی و دیڤید ماهەر، بەرپرسی سیاسی لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە مەنامە.
بەپێی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا فوئاد حوسێن جەختی لەوە کردەوە، نابێت خاکی عێراق بێتە شوێنێک، یان رێڕەوێک بۆ هەڕەشەکردن لە وڵاتانی دراوسێ. هاوکات دووپاتیکردەوە، لە گرنگی دیالۆگ و بەردەوامبوون لە دیالۆگ، بۆ رووبەڕبوونەوەی ئاڵنگارییەکان، لەوانەش؛ ئاڵنگاری ئەمنی، بەشێوەیەک سەروەری عێراق ئاسایش و سەقامگیری ناوچە بپارێزێت.
هەر لە دیدارەکەدا وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لە گرنگی بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان عێراق و ئەمریکا و پەرەپێدانی لە بوارە جیاوازەکاندا کردەوە. هاوکات هەردوولا گفتوگۆیان کرد لەبارەی پابەندبوونی دوولایەنە بە رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات و بەرژەوەندی هاوبەش لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی و سەروەریی عێراقدا.
وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتیکردەوە، عێراق بە رووی هەموو وڵاتان کراوەیە، بەتایبەتی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو، بوونی پەیوەندی هاوسەنگ کە بنیادنرابێت لەسەر بنەمای بەدیهێنانی بەرژەوەندی هاوبەش و پاراستنی سەروەریی و دەستوەرنەدان لە کاروباری نێوخۆیی. هەروەها گوتیشی، دیدار و سەردانی دوولایەن هەیە. بانگهێشتیان کردوون بۆ ئامادەبوون لە کۆنگرەی بەغدا بۆ هاوکاری و هاوبەش، هاوشێوەی کۆنگرەی عەممان.
شاندی ئەمریکی دووپاتیکردەوە، ئەمریکا سوورە لەسەر ئەوەی لەگەڵ حکومەت و گەلی عێراق کاربکات، بۆ زیادکردنی دەرفەتی ئابووریی و بەهێزکردنی سەربەخۆیی عێراق لە بواری وزە و چارەسەرکردنی قەیرانی کەشوهەوا. هاوکات دووپاتیانکردەوە، حکومەتی ئەمریکا پابەندە بە پشتیوانیکردنی عێراق لە جەنگی دژی داعش و شکستپێهێنانی.