پەرلەمانتارێکی دەوڵەتی یاسا: شەممە دەنگ بە کابینەکەی سوودانی نادرێت


رووداو دیجیتاڵ
    
پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی رایدەگەیێنێت، رۆژی شەممە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر کابینەی وەزاریی محەممەد شیاع سوودانی نادات و رەنگە بکەوێتە دووشەممەی داهاتووەوە. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 20-10-2022، زرغام مالیکی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تاوەکو ئێستا سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بەردەوامە لە هەڵسەنگاندنی سیڤیی بەربژێرەکان بۆ پۆستە وەزارییەکان بۆ ئەوەی کەسێکی شایستە و لێهاتوو دیاری بکات کە جێگەی مشتومڕ نەبێت". 
 
بەگوتەی ئەو پەرلەمانتارە، بۆ هەر پۆستێکی وەزاری، پێویستە لانیکەم سێ بەربژێر پێشکێش بکرێن، سەرۆکوەزیران خۆی یەکێکان دیاری دەکات، نابێت هیچ لایەنێک یەک بەربژێر پێشکێش بکات و پێداگیری لەسەر بکات و بیسەپێنێت.
 
دوای زیاتر لە 12 مانگ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رۆژی پێنجشەممە 13ـی ئۆکتۆبەری 2022، پەرلەمانی عێراق لەتیف رەشیدی بە سەرۆککۆمار هەڵبژارد. هەر دوای سوێندخواردنی، سەرۆککۆماری نوێ محەممەد شیاع سوودانی بۆ پێکهێنانی حکومەت راسپارد.
 
پێکهێنانى حکومەتی نوێ بەبێ سەدرییەکان لەسەر بنەماى رێککەوتنێکە کە زۆرینەى لایەنە شیعە و سوننە و کوردستانییەکان لە 25ى ئەیلوولى 2022 واژۆیان لەسەر کرد لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنى دەوڵەت. 
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی وەک گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی کە زۆرینەی لایەنە شیعەکان لەخۆدەگرێت، 12 پۆستی وەزاریی بەردەکەوێت. زرغام مالیکی رەتیکردەوە هیچ ناکۆکییەکان لەنێوان پێکهاتەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەبێت لەبارەی چۆنیەتیی دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان و گوتی: "ئەوەی لە میدیاکانەوە باس دەکرێت لەبارەی بوونی ناکۆکی لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی، دوورە لە راستی و هیچ بنەمایەکی نییە".
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەو وەزارەتانەی پشکی شیعەکانن بریتین لە: ناوخۆ، نەوت، دارایی، کارەبا، تەندروستی، خوێندنی باڵا، کشتوکاڵ، گواستنەوە، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەرزش و لاوان، سەرچاوە ئاوییەکان و وەزارەتی گەیاندن.
 
حەسەن بەهادلی، بەڕێوەبەرى تواناکان لە هاوپەیمانیى نەسر بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "پێشنیازێک هەیە کە محەممەد شیاع سوودانی بە 13 بۆ 14 وەزیرەوە بچێتە نێو پەرلەمان و لەگەڵ کارنامەى حکومەتدا دەنگى لەسەر بدرێت، بەڵام ئەستەمە رۆژى شەممە ئەو هەنگاوە بنرێت، بەهۆى بەردەوامیى گفتوگۆکان لەسەر ئەو پرسە".
 
پشکی  کورد چوار وەزارەت دەبێت کە سیانیان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستانە و یەکێکیشیان بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. بەپێی زانیارییەکان، پۆستە وەزارییەکانی کورد بریتین لە وەزارەتەکانی: دەرەوە، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان، ژینگە و داد. 
 
سەبارەت پشکی سوننە، شەش وەزارەتە، چوار وەزارەت بۆ هاوپەیمانیی سەروەریی بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر و محەممەد حەلبووسی. وەزارەتەکانی سوننەکان بریتین لە، بەرگری، پلاندانان، پەروەردە، پیشەسازی و کانزاکان، بازرگانی و رۆشنبیری.