دوو وەزیر و سێ بریکارى پێشووى وەزارەتەکانى عێراق بانگهێشتی دادگە دەکرێن
رووداو دیجیتاڵ
دادگەیەکى عێراقى بانگى دوو وەزیرى پێشووتر و بریکارى پێشووى سێ وەزارەت دەکات، لەسەر دۆسیەى دواکەوتنى دروستکردنى کەمپێک بۆ ئاوارەکان لە پارێزگاى بابل. یەکێک لەو وەزیرانە کوردە و دەڵێت "دروستکردنى ئەو کەمپە دراوەتە دەست پارێزگاکە و ئەوان دواکەتوون و دواتر بڕیاردراوە بمێنێتەوە بۆ دۆخى لەناکاو."
رۆژی 20ـی ئەیلوولى 2023 دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد، دادگەى دووى کەرخ لە بەغدا بڕیاریداوە بە بانگکردنى ئەندامانى لیژنەى باڵاى بەهاناوەهاتنى ئاوارەکان کە لە ساڵى 2014 پێکهێندراوە، هەریەک لە وەزیرانى پێشووترى کۆچ و کۆچبەران و گواستنەوە و بریکارانى پێشووى هەریەک لە وەزارەتەکانى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، پەروەردە و تەندروستى گرتووەتەوە.
بەگوێرەى دەستەى دەستپاکى، بانگکردنەکە بەهۆى لادان بووە لەلایەن لیژنەکەوە لە دروستکردنى کۆمەڵگەیەکى تایبەت بە ئاوارەکان لە پارێزگاى بابل کە بە کۆمەکی حکومەتی چین بووە.
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند؛ بانگکردنەکە تەنیا بۆ زانینى وردەکاریى ئەو پرسەیە و ئەو کابینانە دروستکراون، بەڵام ئاوارە نەچوونەتە نێوییەوە.
دەرباز محەممەد، وەزیرى پێشووترى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق کە یەکێکە لەو کەسانەى بۆ ئەو پرسە بانگ کراوە بۆ دادگە ئەمڕۆ بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند؛ بانگکردنیان بۆ ئەوەیە پرسیاریان لەبارەى ئەوەوە لێ بکەن؛ 'دروستکردنى ئەو کۆمەڵگەیە بۆ درەنگ کەوتووە؟'
دەرباز محەممەد گوتى "ئەو کاتە، سێ هەزار کەرەڤانەى چینى بە دیاری درانە عێراق و بڕیارماندا بەسەر پارێزگاکاندا دابەشی بکەین، بابل 500 کەرەڤانەى بەرکەوت بۆ ئەوەی بیکاتە کۆمەڵگەیەکى تایبەت بە ئاوارەکان و جێبەجێکردنى درایە دەست ئەو پارێزگایە، درەنگکەوتنیشى بەهۆى کێشە بوو لەسەر ئەو زەوییەى لەسەرى دروستدەکرا، کاتێکیش تەواو بوو، ئاوارەکانى موسڵ کە لەو سنوورە بوون، گەڕابوونەوە ناوچەکانیان، بۆیە لە ساڵى 2019 بڕیاردراوە بکرێتە کۆمەڵگەیەکى یەدەگ بۆ بارى لەناکاوى لافاو و وشکەساڵى و بوومەلەرزە."
دەستەى دەستپاکى ئاماژەى بەوەش دا لەسەر هەمان دۆسیە و بەگوێرەى مادەى 331ـی یاساى سزادانى عێراق، سێ بەڕێوەبەرى گشتى لە وەزارەتەکانى پلاندانان، دارایی، نەوت و سەرۆکى کۆمەڵەى مانگى سووری عێراقى و سێ ئەفسەر بە پلەى لیوا لە وەزارەتەکانى بەرگرى و ناوخۆ و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، بانگهێشتى دادگە کراون.
مادەى 331 تایبەتە بە تاوانى کەمتەرخەمى لە جێبەجێکردنى ئەرکى فەرمى و زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵى گشتى، کە سزاکەى بەندکردن و پێبژاردنە.