چوار نووسراو بۆ قەرەبووی زیانلێکەوتووانى دەستى بەعس ئاراستەى هەولێر و بەغدا دەکرێن

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکى لیژنەیەکى پەرلەمانى عێراق چوار نووسراو ئاراستەى لایەنە پەیوەندیدارەکانى هەولێر و بەغدا دەکات، لەبارەى قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووانى دەستى بەعس لە هەرێمى کوردستان بۆ ئەوەى ئەو قەرەبووە بیانگرێتەوە.
               
حەسەن سالم، سەرۆکى لیژنەى شەهیدان و قوربانییان و زیندانیانى سیاسی پەرلەمانى عێراق چوار نووسراو بۆ چوار لایەنى پەیوەندیدار دەکات لەبارەى قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووانى دەستى دەسەڵاتى پێشووى بەعس لە هەرێمى کوردستان.
 
نووسراوەکان لە 24ـی تەممووز ئاراستەى هەریەک لە نوێنەرایەتیى حکومەتى هەرێمى کوردستان، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى عێراق، وەزارەتى دارایی فیدراڵى، ئەمیندارێتیی گشتیی ئەنجوومەنى وەزیران کراوە.  
 
ساڵى 2010 ، پەرلەمانى عێراق یاسای قەرەبووى زیانلێکەوتووانى موڵک و ماڵى دەستى دەسەڵاتى پێشوو پەسند کرد، ئێستا یاسایەکى دیکە بەهەمان ناوەوە لە پەرلەمانە بە هەندێک گۆڕانکارییەوە و خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کراوە.   
 
بۆ هەرێمی کوردستان: کەس قەرەبوو کراوەتەوە؟
 
یەکێک لە نووسراوەکان ئاراستەى نوێنەرایەتیى حکومەتى هەرێمى کوردستان کراوە لە بەغدا و تێیدا ئاماژەى بەوەداوە، لە کاتی گفتوگۆى پرسی قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووانى دەسەڵاتى پێشووى عێراق لە لیژنەکە، چەند پەرلەمانتارێکى کورد پێشنیازیان کردووە لیژنەى هاوشێوەى پارێزگاکانى عێراق لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان هەبێت. پرسیارى ئەوەى کردووە کە بۆچى ئەو لیژنانە لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان پێکنەهێندراوە.
 
لە نووسراوەکەدا پرسیارى ئەوە کراوە کە ئایا حکومەتى هەرێمى کوردستان هیچ یاسایەکى هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانى رژێمى پێشوو، ئایا زیانلێکەوتووان بە رێگەى بڕیارەکانى هەرێمى کوردستانەوە قەرەبوو کراونەتەوە؟
 
بۆ حکومەت: چۆن لیژنە پێکدەهێندرێت؟
 
نووسراوێکى دیکە ئاراستەى ئەمیندارێتى گشتیى ئەنجوومەنى وەزیران کراوە و تێیدا پرسیار کراوە کە کام لایەن بەرپرسە لە پێکهێنانى لیژنەى لاوەکى و ناوەندى و وەرگرتنى تانەکان بە گوێرەى یاسای قەرەبووى موڵک و ماڵى زیانلێکەوتووانى رژێمى پێشوو.
 
پرسیارێکى دیکە ئەوەیە کە بۆچوونى حکومەتى فیدراڵى چۆنە لەپێکهێنانى لیژنەى لاوەکى لە هەرێمى کوردستان بۆ جێبەجێکردنى ئەو یاسایە.
 
هەروەها سەرۆکى لیژنەکەى پەرلەمان داواى بۆچوونى حکومەتى فیدراڵى کردووە لە بارەى شێواز و میکانیزمى پێکھێنانى لیژنەى لاوەکى لە هەرێمى کوردستان کە ئایا نوێنەرانى دامەزراوەکانى هەرێمى کوردستانى تێدابێت یان دامەزراوەکانى حکومەتى فیدراڵى.
 
بۆ وەزارەتى دارایی: پارەى 14 ساڵ خەرجکراوە؟
 
سەرۆکى لیژنەى شەهیدان و قوربانییان و زیندانیانى سیاسی، نووسراوێکى دیکەى بۆ وەزارەتى دارایی عێراق ناردووە و تێیدا پرسیارى ئەوەیان لێدەکات، کە ئایا پارە بۆ قەرەبووکردنەوەى زیانلێکەوتووانى دەسەڵاتى پێشووى عێراق تەرخانکردووە لە چوارچێوەى بودجەى هەرێمى کوردستان لەو کاتەوەى یاساکە کەوتووەتە بوارى جێبەجێکردن لە ساڵى 2010 تاوەکو یاساى بودجەى گشتى 2023 -2024 -2025.
 
هەر لە نووسراوەدا پرسیارى ئەوە لە وەزارەتى دارایی فیدراڵ کراوە کە ئایا پێشووتر فەرمانگەى ژمێریارى ئەو وەزارەتە هیچ بڕە پارەیەکى بۆ قەرەبووکردنەوەى موڵک و ماڵى زیانلێکەوتووانى دەسەڵاتى پێشووى عێراق خەرجکردووە بۆ ئەو کەسانەى کە لە پازێزگاکانى هەرێمى کوردستان بوون؟
 
شوان محەممەد، جێرگى سەرۆکى لیژنەى شەهیدان و قوربانییان و زیندانیانى سیاسیی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەو قەرەبووە لە پارێزگاکانى دیکەى عێراق کراوەتەوە و تەنیا لەپارێزگاکانى هەرێمى کوردستان زیانلێکەوتووان قەرەبوو نەکراونەتەوە.
 
شوان محەممەد گوتى: "حکومەتى فیدراڵى لە ماوەى چەند ساڵى رابردوودا ئامادە نەبووە لە بودجەى خۆى قەرەبووى زیانلێکەوتووانى هەرێمى کوردستان بکاتەوە".
 
لە نووسراوێکى دیکەدا بۆ سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەرى کراوە، پەرلەمانتارانى کورد پێشنیازیان کردووە لە هەر پارێزگایەکى هەرێمى کوردستان لیژنەیەک هەبێت کە هەمان کارى ئەو لیژنانە بکات کە لە پارێزگاکانى دیکەى عێراق پێکهاتوون بۆ قەرەبووکردنەوەى موڵک و ماڵى زیانلێکەوتووانى دەسەڵاتى پێشووى عێراق، پرسیارى ئەوە کراوە کە ئەو ئەنجوومەنە دەتوانێت دادوەر دەستنیشان بکات بۆ سەرۆکایەتیکردنى ئەو لیژنانە ئەگەر لە هەرێمى کوردستان پێکهێندرا.
 
جێگرى سەرۆکى لیژنەى شەهیدان و قوربانییان و زیندانیانى سیاسیی پەرلەمانى عێراق راگەیاند، دواى ئەوەى وەڵامى ئەو نووسراوانە دەگەرێتەوە وەک راپۆرتێک ئامادە دەکرێت بۆ ئەوەى بخرێتە نێو یاسا نوێیەکە و ئەو قەرەبووە لە هەرێمى کوردستان جێبەجێ بکرێت.