حکومەتی عێراق بۆ سوێد: رێگە بە سووتاندنی قورئان بدەنەوە، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانمان لەگەڵتاندا دەپچڕێنین
رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند لەڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانەوە بە حکومەتی سوێدیان راگەیاندووە، ئەگەر جارێکی دیکە رووداوی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەسەر خاکی سوێد دووبارە ببێتەوە و سوێد لەژێر بیانووی ئازادیی رادەربڕین رەزامەندی بۆ ئەو کارە بدات، ئەوا عێراق پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵدا دەپچڕێنێت.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بەیانیی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 20-7-2023) سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کرد بە بەشداریی، وەزیری دەرەوە و ناوخۆی عێراق، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، جێگری سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و سەرۆکئەرکانی سوپا و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان.
کۆبوونەوەکە تایبەت بەو مۆڵەتەی حکومەتی سوێد داویەتی بۆ سووتاندنی قورئانی پیرۆز و رووداوی سووتاندنی باڵیۆزخانەی سوێد لە بەغدا.
بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا سەرکۆنەی رووداوی سووتاندنی باڵیۆزخانەکە کراوە و بە پێشێلکارییەکی ئەمنی هەژمارکراوە، کە دەبێت دەستبەجێ چارەسەربکرێت و کەمتەرخەمانیش لە بەرپرسان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
لە کۆبوونەوە نائاساییەکەدا بڕیاردراوە "ئەوانەی بوونەتە هۆی سووتاندنی باڵیۆزانەکە و دەستبەسەرکراون، رووبەڕووی دادگا بکرێنەوە، هەروەها کەمتەرخەمان لە بەرپرسانی ئەمنی رووبەڕووی لێکۆڵینەوە بکرێنەوە و رێکاری یاسایی لەدژیان بگیرێتەبەر"، حکومەتی عێراق دووپاتی کردەوە "پابەندە بە پاراستنی هەموو نێردە دیپلۆماسییەکان و بەرپەرچدانەوەی هەموو هێرشێک کە بەئامانجیان بکات.
حکومەتی عێراق بەپێی راگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، "هەر دوێنێ لەڕێگەی کەناڵە دیپلۆماسییەکانییەوە بە حکومەتی سوێدی راگەیاندووە، پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵدا دەپچڕێنێت، ئەگەر رووداوی سووتاندنی قورئانی پیرۆز لە سوێد دووبارەببێتەوە و ئەو وڵاتە لەژێر پاساوی ئازادیی رادەربڕین، رێگەپێدان بۆ ئەو کارە بدات".
حکومەتی عێراق جەختدەکاتەوە لەوەی ئەو کارە دنەدەرە زیان بە رێککەوتن و عورفە نێودەوڵەتییەکان دەگەیەنێت کە تێیاندا جەختکراوەتەوە لە رێزگرتن لە ئایین و بیروباوەڕی یەکدی، هەروەها دەبێتە هۆی زیادبوونی تووندوتیژی و رق و کینە. "عێراق هەروەها سەرکۆنەی ئەوە دەکات؛ دەسەڵاتدارانی سوێد بەردەوامن لەو هەڵوێستە دنەدەرانە لەدژی بیروباوەڕ و پیرۆزییەکانی کەسانی دیکە".
ئەم کۆبوونەوە نائاساییە لەکاتێکدایە، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ خۆپیشاندەرانی لایەنگری موقتەدا سەدر، رێبەری سەدر، هێرشیان کردە سەر باڵیۆزخانەی سوێد و سووتاندنیان، بەهۆی ئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە رەزامەندییان نیشانداوە، بەوەی سەلوان مۆمیکایا، پەنابەرێکی عێراقی ئەمڕۆ لەبەردەم باڵیۆزخانەی عێراق لە سوێد، قورئانی پیرۆز هەروەها ئاڵای عێراق بسووتێنێت، لەکاتێکدا پێشتریش لە جەژنی قوربانی رابردوو هەمان کاری کرد و قورئانی پیرۆزی لەبەردەم گەورەترین مزگەوتی ئەو وڵاتە سووتاند، بۆ ئەمەش مۆڵەتی لە دەسەڵاتدارانی سوێد وەرگرتبوو، ئەم کارەشی بووە هۆی توڕەبوونی موسڵمانان لە تەواوی جیهان.