وەزارەتى بەرگریى عێراق داواى موڵکەکانى لە وەزارەتى دارایی دەکاتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتى بەرگریی عێراق لە رێگەى دادگەى فیدراڵیی عێراقەوە داواى موڵکەکانى لە وەزارەتى دارایی دەکاتەوە، بە گوتەى جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى پەرلەمان، گەڕاندنەوەى ئەو موڵکانە "ئەستەمە"، چونکە پرۆژە و خانوویان لەسەر دروستکراوە.
 
ئەو دواکارییەى وەزارەتى بەرگرى لە رێگەى سکاڵایەکەوەیە کە لە دژى وەزارەتى دارایی تۆماری کردووە و یەکى تەممووز یەکەم دانیشتنى دادگەى فیدراڵى لەسەر ئەو سکاڵایە دەکرێت.
 
لە سکاڵاکەدا وەزارەتى بەرگرى داواى لە دادگەى فیدراڵى کردووە، وەزارەتى دارایی ناچار بکات فەرمانێکى دەسەڵاتى هاوپەیمانان لە ساڵى 2004 جێبەجێبکات بۆ گەڕاندنەوەى ئەو موڵکانە.
 
سەگڤان سندى، جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "موڵکێکى زۆرى وەزارەتى بەرگرى بەناوى وەزارەتى داراییەوە کراون، لەکاتێکدا سوپا پێویستى بە ناوەندى مەشق و سەربازگە و شوێنى دیکەیە و نیەتى، بۆیە ئەو سکاڵایەی تۆمار کردووە."
 
لە بڕگەى حەوتى بڕیارى دەسەڵاتى هاوپەیمانان لە ساڵى 2004دا هاتووە، دەبێت سەرجەم موڵک و ماڵى گواستراوە و نەگواستراوەى هێزە سەربازییەکانى سەر بە وەزارەتى بەرگریی دەسەڵاتى حیزبى بەعس بخرێتە سەر وەزارەتى بەرگرى نوێ، بەو خانووانەشەوە کە بەکارهاتوون یان بەناو کراون.
 
جێگرى سەرۆکى لیژنەى ئاسایش و بەرگریى پەرلەمانى عێراق، پێیوایە گەڕاندنەوەى ئەو موڵکانە لە وەزارەتى داراییەوە بۆ وەزارەتى بەرگرى "ئەستەمە". چونکە بە گوتەی ئەو بەهۆى زۆربەى زەوى و موڵکەکان کراونەتە خانوو یان کارگە و پڕۆژەیان لەسەر دروست کراوە.