موقتەدا سەدر: لەخوا داواکارین ئاسایش و ئارامى باڵ بەسەر گەلى ئێراندا بکێشێت
رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر سەرەخۆشی لە کۆمارى ئیسلامى ئێران دەکات بەهۆى رووداوى گیانلەدەستدانى سەرۆککۆمارى ئەو وڵاتە و ژمارەیەک لە بەرپرسانى دیکەیان، دەڵێت: "لە خودا داواکارین ئاسایش و ئارامى باڵ بەسەر گەلى ئێراندا بکێشێت."
موقتەدا سەدر لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس پەیامێکى بۆ گیانلەدەستدانى سەرۆککۆمارى ئێران و یاوەرانى بڵاوکردەوە، سەرەخۆشی لە کۆمارى ئیسلامیى ئێران کرد. سەدر دەڵێت: "تەنیا ئەوەمان لەدەست دێت سەبوورى بدەینەوە."
20ـى ئایاری 2024 بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامى ئێران بە فەرمی گیانلەدەستدانى ئیبراهیم رەئیسى سەرۆککۆمار و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیرى دەرەوەى ئێران و حەوت سەرنشینى دیکەى ئەو هێلیکۆپتەرەیان راگەیاند، 19ـی ئایار لە سنووری پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات تێکشکا.
موقتەدا سەدر نووسیویێتى، "لە خودا داواکارین ئاسایش و ئارامى باڵ بەسەر گەلى ئێراندا بکێشێت و هەردوو گەلى عێراق و ئێرانى هاوڕێ بە برایانە و ئارامى و سەقامگیری لە ژێر سایەى مەرجەعیەتەکەیاندا بن."
هێلیکۆپتەرەکەى سەرۆککۆمار لە کاتى گەڕانەوەى لەسەر سنووری ئازەربایجان بەرەو شارى تەورێز، ناوەندی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵاتی ئێران، تێکشکا و دواى زیاتر لە 16 کاژێر گەڕانى تیمەکان توانیان بگەنە شوێنى تێکشکانى هێلیکۆپتەرەکە. پاشان گیانلەدەستدانی رەئیسی و یاوەرانیان راگەیاند.