پەرلەمانى عێراق تەمەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن درێژ دەکاتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانى عێراق خشتەى کۆبوونەوەى 22ى ئایارى بڵاوکردەوە، دەنگ بە سێ پڕۆژەیاسا دەدرێت، یەکێک لەوانە درێژکردنەوەى تەمەنى ئەنجوومەنى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانە.
 
بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە دەنگدانە بە یاسای قەرەبووکردنەوەى ئەوانەى بڕیارى ئەنجوومەنی شۆڕشى هەڵوەشاوەی عێراق لە ناوچە کوردستانییەکان دەست بەسەر زەوەییەکانیاندا گیراوە. 
 
ئەگەر لە کۆبوونەوەی بەیانی یاسای کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە، ئەوا تەمەنی کۆمیسیۆنەکە شەش مانگ درێژدەکرێتەوە، تاوەکو سەرپەرشتیی هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکات.
 
ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى ئەو کۆمیسیۆنە لە 7ى تەممووز تەمەنیان تەواو دەبێت، لەپاش ئەوەى ساڵى 2023 پەرلەمان تەمەنیانى  شەش مانگ درێژکردەوە.
 
دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، سێشەممە لیژنەکەیان کۆدەبێتەوە تاوەکو بزانن ئەو تێبینییانە چین کە پێیانگەیشتووە لە پەرلەمانتارانەوە لەبارەى پڕۆژەیاسای درێژکردنەوەى تەمەنى کۆمیسیۆن، بەڵام پێشبینی کرد گۆڕانکارى ئەوتۆ لەو پڕۆژەیە نەکرێت.
 
بڕگەیەکی دیکەى کۆبوونەوەکە، دەنگدانە بە پڕۆژەیاسای قەرەبووکردنەوەى ئەوانەى لە هەشت بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى شۆڕشى پێشوو زەرمەند بوون کە زۆرینەیان ئەو کەسانەن لە سنوورى کەرکووک بەگوێرەى ئەو بڕیارانە دەست بەسەر زەویەکانیاندا گیراوە.
 
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا دەنگ بە پڕۆژەیاساى پشووە فەرمییەکان دەدرێت، جەژنی نەورۆز، غەدیر و جەژنى جووەکانى عێراق بە پشووى فەرمى دەناسێندرێت.
 
بەگوێرەى خشتەکە، خوێندنەوەى یەکەم بۆ هەردوو پڕۆژەیاساى دەستەى حەشدی شەعبی و هەموارى یاسایى دەزگاى شەهیدان دەکرێت و خوێندنەوەى دووەمیش بۆ پڕۆژەیاسای دەزگاى هەواڵگریى عێراق دەکرێت.