سەرۆککۆمارى عێراق: لەم دۆخە قورسەدا لەگەڵ گەلى ئێرانین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆمارى عێراق سەرەخۆشی لە گەلى ئێران و عەلى خامنەیی، رێبەرى باڵاى شۆڕشی ئیسلامى دەکات بەهۆى گیانلەدەستدانى سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوەی ئێران و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ئەو وڵاتە.
20ـی ئایار بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامیی ئێران گیانلەدەستدانى ئیبراهیم رەئیسى و حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان و حەوت سەرنشینى دیکەى ئەو هێلیکۆپتەرەیان راگەیاند کە 19ـى ئایار تێکشکا.
لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق راگەیاند "بە دڵێکى بڕوادار بە قەزا و قەدەرى خوا، هەواڵى گیانلەدەستدانى ئیبراهیم رەئیسى، سەرۆککۆمارى ئێران و ژمارەیەک لە بەرپرسانى دیکەمان پێگەیشتووە بەهۆى رووداوى تێکشکانى فڕۆکەکەیەکانەوە."
هێلیکۆپتەرەکەى سەرۆککۆماری ئێران، دوێنێ (یەکشەممە، 19-5-2024) لەکاتى گەڕانەوەى لە پارێزگاى ئازەربایجانى رۆژهەڵاتەوە بەرە و شارى تەورێز، تێکشکا.
لەتیف رەشید، سەرەخۆشى لە عەلى خامنەیی و گەل و سەرکردەکانى کۆمارى ئیسلامیى ئێران کرد و دەڵێت، " جەخت دەکەینەوە لەوەی؛ لەو دۆخە قورسەدا، عێراق لەگەڵ گەلى ئێران دەوەستێت."