شەپۆلێکی بارانبارین چەند شارێکی عێراقی گرتووەتەوە


رووداو دیجیتاڵ

شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ بەشێک لە شارەکانی عێراقی گرتووەتەوە. بەهۆی بەهێزیی رەشەباکەی شەوی رابردووشەوە لە پارێزگای بابل بگۆڕێکی کارەبا بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا کەوت و زیانی زۆری پێگەیاند. هەروەها لە کێڵگەیەکی پارێزگای واست بەهۆی هەورەبرووسکەوە ئاگر کەوتەوە و لە سامەڕاش رەشەبا چەندین ستوونی کارەبای خستووە.
 
عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی کەشناسیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێموایە ئەمڕۆ لە زۆربەی ناوچەکانی وڵات هەور دەبێت لەگەڵ بارانبارین کە هەندێک جار نمەباران و هەندێک جاریش بارانبارینی مامناوەند دەبێت، بەتایبەتی لە ناوچەکانی نێوەڕاست و باکوور و باشوور. لە هەموو ناوچەیەکی وڵاتیش پلەی گەرما نزم دەبێتەوە."
 
بەپێی راگەیێندراوی دەستەی کەشناسیی عێراق کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە 24 کاژێری رابردوودا زۆرترین بڕی بارانبارین بەمشێوەیە بووە:
 
- دهۆک 24 ملیم
- زاخۆ 22.4 
- رەبیعە 15.8
- زوممار 14.5
- تەلەعفەر 9.8
- موسڵ 8.6 
- خومارتوو 7.2 ملیم
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ خێرایی با لە کاژێرێکدا 15 بۆ 25 کیلۆمەتر دەبێت و پلەی گەرماش بەراورد بە دوێنێ 5 بۆ 7 پلە دادەبەزێت.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندنی کەشناسیی عێراق باسی لەوەش کرد، "پارێزگاکانی باکوور پێموایە پلەی گەرمایان، لە دهۆک 26 پلە و هەولێر 27 و سلێمانی 26 پلە تۆمارکراوە؛ هۆکاری گۆڕانکاریی کەشوهەواش دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەریی نزم و بەرزە پاڵەپەستۆ".
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستان لەبارەی کەشوهەوای رۆژی یەکشەممەوە دەڵێت، ئاسمان هەوری تەواو دەبێت لەگەڵ بارینی باران لە هەندێک ناوچە کە هەورە برووسکەی لەگەڵ دەبێ و لە دوای نیوەڕۆوە کاریگەری بارانبارین کەمدەبێتەوە.