پارێزگارى سەڵاحەدین دوای لێسەندنەوەى متمانە، خۆی بۆ بەریتانیا ئیفاد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
عەممار جبوورى، پارێزگارى سەڵاحەدین لەپاش وەرگرتنەوەى متمانە لێى لە پەرلەمانى عێراق، بە نووسراوێک، کە واژۆی خۆی لەسەرە، خۆی بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەیەک لە بەریتانیا ئیفاد دەکات، یەکێک لە جێگرەکانیشی لە شوێنی خۆی بە وەکالەت دادەنێت.
عەمار جبوورى، پارێزگارى سەڵاحەدین 19ى ئایارى 2022 فەرمانێکى کارگێڕى دەرکردووە، بە ئیفادکردنى خۆى بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەى بەهارەى ساڵانەى ئەنجوومەنى کارى بەریتانى – عێراقى لە لەندەنى پایتەختى بەریتانیا، کە لە 24ى ئایارى 2022 دەستپێدەکات و بۆ ماوەى پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.
ئەو نووسراوەى پارێزگارى سەڵاحەدین، هاوکات بوو لەگەڵ بڕیارێکى پەرلەمانى عێراق بە وەرگرتنەوەى متمانە لێى، وەک پارێزگار لە هەمان رۆژدا.
لە بەشێکى دیکەى فەرمانەکەدا، کە کۆپییەکى دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، عەمار حیکمەت، جێگرى پارێزگار بۆ کاروبارى هونەرى لەلایەن پارێزگاری متمانەلێسەندراوەوە راسپێردراوە بە وەکالەت پۆستى پارێزگار بەڕێوە ببات، تاوەکو ئەوکاتەى لەو گەشتە دەگەڕێتەوە.
حوسێن زەینولعابدین، قایمقامى قەزاى تووزخورماتوو بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "وەک بەڕێوەبەرانى یەکە ئیدارییەکانى سنوورى پارێزگاى سەڵاحەدین لەو بڕیارەى پارێزگار ئاگادارکراوینەتەوە، کە گەشتی دەرەوەى وڵات دەکات و عەممار حیکمەت بە وەکالەت پۆستەکەى بەڕێوەدەبات".
هەر بەپێی زانیارییەکان، عەممار جبووری لە گرووپێکی تایبەت بە سەرۆکى یەکە ئیداریەکانى سەڵاحەدین، نووسیویێتى: "سڵاوتان لێ بێت، عەممار حیکمەت پارێزگارە بەوەکالەت تاوەکو ئەوکاتەى نووسراوى پەرلەمانمان پێدەگات و تانە لە بڕیارەکە دەدەین لە دادگاى فیدراڵى و ئەنجامەکەى دەردەکەوێت".