کەشناسیی عێراق: هەینی لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان باران دەبارێت
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق رایدەگەیێنێت، سبەی هەینی لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان هەورەبرووسکە و باران دەبارێت.
رۆژی پێنجشەممە 20-04-2023، عامر جابری، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێشبینی دەکرێت کەشوهەوای سبەی هەینی لە ناوچەکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق هەوربێت، پلەی گەرما تاڕادەیەک دادەبەزێت، بای باکووری رۆژئاوا مامناوەند دەبێت.
عامر جابری دەڵێت، پێشبینی دەکرێت لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، پلەی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ چەند پلەیەک دابەزێت، ئاسمان نیچمە هەور بێت و لە چەند ناوچەیەکیش برووسکە و باران بێت. خێرایی باش 20 بۆ 30 کیلۆمەتر دەبێت لە کاژێرێکدا.
هەر لەوبارەوە، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئاسمان هەور لەگەڵ رێژنە باران و برووسکە دەبێت، سەرەتا لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێمی کوردستان دەبارێت، پاشان کاریگەری بۆ زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان درێژدەبێتەوە کە پێشبینی دەکرێت لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکوور بارانبارین مامناوەند بێت، لە شەودا کەشەکە جێگیر دەبێتەوە.