لە ئەبوغرێب کەمپێک بۆ ئاوارەکانی ئەنبار دەکرێتەوە
رووداو - هەولێر
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، کەمپێکی لە ناوچەی ئەبوغرێب بۆ ئاوارەکانی پارێزگای ئەنبار کردەوە، کە نزیکەی ٥٠٠ خێمە و شوێنی نیشتەجێبوونە، بەڵام تا ئێستا هیچ کام لە خێزانە ئاوارەکان لەو کەمپەدا نیشتەجێنەکراون.
دوای چڕبوونەوەی هێرشەکانی داعش و دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزە ئەمنییەکان و هۆزە چەکدارەکان، بەشێکی زۆری هاووڵاتیانی ئەو سنوورە هەڵاتن، زۆربەی خێزانەکانی ئەنبار روویان لە بەغدا و دەوروبەری کردووە و تەنیا لە شاری بەغدا ١٠ کەمپیان بۆ درووستکراوە.
دەرباز محەمەد، وەزیری کۆچ و کۆچبەران بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: بەهۆی چڕبوونەوەی پرۆسە سەربازییەکان لە پارێزگەی ئەنبار، ئاوارەبوونی خەڵکی ئەو پارێزگایە بۆ ئێمە چاوەڕوانکراو بوو، بۆیە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکە، هەندێ ئامادەکارییان کردووە بۆ پێشوازیکردنی ئاوارەکان". درووستکردنی کەمپی ئەبوغرێب، نموونەیەکی ئەو هەنگاوانەیە و لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا، خێزانە ئاوارەکان لەم کەمپەدا نیشتەجێ دەکرێن.
وەزیری کۆچ و کۆچبەران دەڵێت:" تەنیا لە هەفتەی رابردوودا، ١٥ بۆ ٢٠ هەزار خێزان، واتە نزیکەی ٨٠ بۆ ١٠٠ هەزار کەس ئاوارە بوونە، کە ژمارەیەکیشیان روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، ئەمە قەیرانێکی گەورەیە لە عێراق و بارگرانییەکی زۆری خستووەتە سەر هەندێ لە ناوچەکانی دیکە، بەتایبەت هەرێمی کوردستان کە نیوەی ئاوارەکانی لەخۆگرتووە".
دەرباز محەمەد دەشڵێت:" چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە، پەیوەستە بە کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی ژێردەستی داعش و پاشان ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە، کە ئەمەش لە ماوەیەکی کورتدا ناکرێت".
وەزیری کۆچ و کۆچبەران، سەبارەت بە کێشەی نیشتەجێبوونی ئاوارەکان لە بەغدا گوتی:" پێشتر چوونی ئاوارەکان بۆ بەغدا مەرجدار بوو بەوەی کەسێک ببێتە کەفیلی خێزانە ئاوارەکان، بەڵام دواتر بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، ئەو مەرجە لابرا و تا دوێنێ، ٨ هەزار خێزانی ئاوارەی ئەنبار، لە بەغدا جێگیر بوون".
ئەو هەروەها سەبارەت بە هۆکاری ئەوەی کە پارێزگا شیعە نشینەکان، رێگا نادەن ئاوارەی ئەنبار بچنە ئەو پارێزگایانە، گوتیشی:" دوو پارێزگای بابل و کەربەلا، دراوسێی پارێزگەی ئەنبارن کە لە ڕووی رووبەرەوە بچووکن، بەو حاڵەوە ١٠ هەزار خێزانی ئاوارە لە هەرکام لەو پارێزگایانەدا نیشتەجێ بوون و بابل و کەربەلا ناتوانن ئاوارەی لەوە زیاتر وەربگرن".