رووداو دیجیتاڵ
هەنگاوەکانى دەرکردنى یاسایەک لە عێراق بۆ پاراستنى "کەمایەتییەکان" دەستیپێکرد. قەرەج، زەردەشتى، رەشپێست، کوردى ئێزدى و فەیلی تێدایە، بەڵام جوو لە بەر "هەستیاریی پرسەکە" لادراوە.
پێشنیازەیاساى پاراستنى "کەمایەتییەکان" لەلایەن لیژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمانەوە ئامادەکراوە، 19ـی کانوونى دووەمى 2025 خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کرا، وەک یەکەم هەنگاوى پەسندکردنى.
بەگوێرەى مادەى دووى پێشنیازەیاساکە، ئامانج لەو کارە پاراستنى کاراى ئەو کەسانەیە کە سەر بەو پێکهاتانەن، لەگەڵ پارێزگاریکردن لە فرەیی و رێگریکردن لە سیاسەتى بەزۆر لکاندنى پێکهاتەیەک بە گرووپێکى دیکەوە کە زۆرینەیە، یان گۆڕینى نەتەوە، رەگەز، زمان، ئایین یان مەزهەب لەو ناوچانەى تێیاندا دەژین بۆ بەرەژەوەندیی لایەنى دیکە، ئەو گۆڕانکارییە لە ناسنامە بێت یان پێکهاتەى دانیشتووانەکەى.
20ـی کانوونى دووەمى 2025، حوسێن نجێمى، ئەندامى لیژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "چوار پێشنیازەیاسا هەبوون. هەموویانمان کردن بە یەک دانە بۆ ئەوەى خواستى هەموو پێکھاتەکانى تێدا جێبکرێتەوە. ئەمە یەکەمجارە یاسایەکى لەو شێوەیە لە عێراق هەبێت".
ناوى ئەو پێکھاتانەی لە پێشنیازەیاساکەدا هاتووە بریتین لە تورکمان، شەبەک، کریستیان (کلدان، ئاشووری و ئەرمەن)، سابیئەى مەندائی، کوردى ئێزدى، بەهائییەکان، زەردەشتییەکان، رەشپێستەکان، کوردی کاکەیی، قەرەج، کوردى فەیلی، چەرکەس و جوو.
حوسێن نجێمى کە کوردى فەیلییە، ئاماژەى بەوەدا لە پێشنیازەیاساکەدا ناوى جوو هەبوو، بەڵام لەبەر "هەستیاریی بابەتەکە" لایانداوە تاوەکو لە پەرلەمان دەنگى لەسەر بدرێت و زیادکردنی ئەو پێکھاتەیە بۆ پێشنیازەیاساکە، پێویستیی بە هەموارى یاسای قەدەخەى دروستکردنی پەیوەندییە لەگەڵ ئیسرائیل، کە لە ساڵى 2022 پەسند کراوە.
یەکێک لە بڕگەکانى دیکەى پێشنیازەیاساى پاراستنى "کەمایەتییەکان" ئەوەیە؛ رێگرى لە کۆچپێکردن و ئاوارەکردنى ئەو پێکهاتانە دەکات لەسەر بنەماى ناسنامە، بە ئامانجى گۆڕینى دیمۆگرافی یان دوورخستنەوەیان لە ناوچەکانیان.
دواى پەسندکردنى پێشنیازەیاساکە، دەبێت ئەنجوومەنى "کەمایەتییەکانى گەلى عێراق" پێکبهێندرێت کە نوێنەرى سەرجەم پێکهاتەکان تێیدا بەشدار دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ