پەیامنێری رووداو: هێزە ئەمنییەکان بە گوللـە هەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران دەدەن
لە بەیانی ئەمڕۆوە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەیەکی بەهێز لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لە گۆڕەپانی تەیەران لە بەغدا روویدا و تاوەکو ئێستا بە دەیان خۆپیشاندەر برینداربوونە و هێزە ئەمنییەکانیش بە گازی فرمێسکڕێژ و گوللە هەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران دەدەن.
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا رایگەیاند، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممەوە 20-01-2020 شەڕ و رووبەڕوونەوەیەکی بەهێز لەنێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان لە گۆڕەپانی تەیەران دروستبووە. هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکڕێژ هێرشدەکەنە سەر خۆپیشاندەران، خۆپیشاندەرانیش بەشێکی زۆری رێگە سەرەکییەکانیان داخستووە و رێگە نەدراوە فەرمانبەران بچنە سەر کارەکانیان. ژمارەیەکی زۆر خۆپیشاندەریش لەلایەن هێزە ئەمنییەکان دەستگیرکراون بەتایبەت ئەوانەی دەیانویست ئەم بەیانە رێگە سەرەکییەکان بگرن.
پەیامنێری رووداو دەشڵێت، بە دەیان خۆپیشاندەر برینداربوونە بەپێی ئامارە فەرمییەکان تەنیا لە سێ رۆژی رابردوو چوار خۆپیشاندەر لە بەغدا کوژراون و 50 کەسی دیکەش برینداربوونە.
بەگوتەی یەکێک لە خۆپیشاندەرەکانی گۆڕەپانی تەیەران لە بەغدا تەنها رۆژی یەکشەممە 19-01-2020 شەش خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون.
پەیامنێری رووداو ئاماژە بەوە دەدات، رۆژانی رابردوو خۆپیشاندەران هۆشداری ئەوەیان دابوو ئەگەر بێت و تاوەکو 20ی ئەو مانگە داواکارییەکان جێبەجێنەکرێت و کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دەستنیشان نەکرێت کە بە دڵی ئەوان بێت، بەردەوام دەبن لەسەر خۆپیشاندانەکان.
پەیامنێری رووداو ئاماژە بەوەش دەدات، جیا لە گازی فرمێسکڕێژ هێزە ئەمنییەکان بە گوللـە هەوڵی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران دەدەن، بەڵام خۆپیشاندەران پێداگرن لەسەر مانەوەیان لە گۆڕەپانی تەیەران و دەڵێن بەردەوام دەبن لە خۆپیشاندان تاوەکو داواکارییەکانیان جێبەجێدەکرێت.
خۆپیشاندەرێکی نابیستی بەغدا بەمشێوەیە وەسفی بەرپرسانی عێراق دەکات