مانگی رابردوو حەوت وەزیری پێشووی عێراق بە گەندەڵی تۆمەتبار کراون
رووداو دیجیتاڵ
دەستەى دەستپاکیى عێراق ئاشکرایکرد، لە مانگى تشرینى دووەمى 2022دا فەرمانى دەستگیرکردن و بانگهێشتکردنى بۆ 42 بەرپرسى پلە باڵا دەرکردووە کە حەوتیان وەزیرن و 11شیان پارێزگارى پێشوو و پێشووتری پارێزگاکانی عێراقن.
رۆژی 19ى کانوونى یەکەمى 2022، دەستەى دەستپاکیى عێراقی ئامارى مانگى رابردووى لەبارەی دۆسیەکانی گەندەڵی بڵاوکردەوە، کە لەو مانگەدا فەرمانى دەستگیرکردن و بانگهێشتکردن بۆ بەردەم دادگە لە دژى بەرپرسانى پلە باڵا دەرکراون.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە لەو مانگەدا، 46 فەرمان لە دادگەوە دەرچوون لە دژى ئەو بەرپرسە باڵایانە، کە 12 فەرمانیان دەستگیرکردن بووە و 34 فەرمانى دیکەشیان بۆ راپێچکردنى ئەو بەرپرسانە بووە بۆ بەردەم دادگە.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، شەش وەزیرى پێشووتر و یەک وەزیرى پێشوو فەرمانى دادگە لە دژیان دەرکراوە، لەگەڵ بریکارێکى وەزارەت، هەمان بڕیار لە دژى سێ پارێزگارى پێشوو لەگەڵ هەشت پارێزگارى پێشووتر دەرکراون، ئەوە جگە لە گرتنەبەرى هەمان رێوشوێن لە دژى چوار ئەندامى پێشووى ئەنجوومەنى پارێزگاکان.
دەستەى دەستپاکى ئاماژەى بەوە داوە، لە مانگى رابردوودا دوو ئەندامى پێشووى پەرلەمان، نۆ بەڕێوەبەرى گشتیى ئێستا و هەشت بەڕێوەبەرى گشتیى پێشووتر، فەرمانى دەستگیرکردن و راپێچکردنیان بۆ بەردەم دادگە لە دژ دەرکراوە.
لە 10 مانگى ئەمساڵدا دەستەى دەستپاکیى عێراق 32 وەزیری پێشووتر و 43 پەرلەمانتارى ئێستا و پێشوو و پێشووترى لەسەر دۆسیەى گەندەڵى راپێچى دادگە کردووە، ئەوە جگە لەوەى لەو ماوەیەدا 95 فەرمانى دیکە دژى پارێزگارانى ئێستا و پێشوو دەرکراون، هەمان رێکار بەرامبەر 143 بەڕێوەبەرى گشتیش گیراوەتەبەر.