عەلی سیستانی: پێویستە ژنانی ئێزدی و تورکمان رزگاربکرێن
رووداو- هەولێر
عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی ئایینی شیعەکان داوادەکات ژنان و کچانی کوردی ئێزدی و تورکمان دەستی داعش رزگاربکرێن.
نووسینگەی عەلی سیستانی، گەورە مەرجەعی ئایینی شیعەکان رۆژی دووشەممە 19-12-2022 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، عەلی سیستانی، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە پێشوازی لە کریستیان ریچەر، سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش لە عێراق و ناوچەکانی دیکە ناسراو بە یونیتاد کرد.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، عەلی سیستانی گوێی لە پوختەیەک لە هەنگاوەکانی تیمی لێکۆڵینەوە گرت و مەرجەعی باڵای شیعەکان ستایشی قوربانیدانی هێزەکانی عێراقی کرد لە شکستهێنان بە داعش و کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی ئەو رێکخراوە پەڕگیرەی بە "دەستکەوتێکی گەورەی مێژوویی" ناوبرد.
عەلی سیستانی رایگەیاندووە: "ئەگەر ئەو سەرکەوتنە یەکلاکەرەوە نەبووایە، کار لەسەر راوەدوونانی داعش و لێپرسینەوە لەگەڵیان نەدەکرا لەسەر ئەو تاوانانەی دەرهەق بە عێراقییەکان ئەنجامیان داوە ".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عەلی سیستانی رایگەیاند: "پێویستە کاربکرێت بۆ رزگارکردنی ژنانی تورکمان و ئێزدی کە لای ئەو رێکخراوە تیرۆریستە لە سووریا ماونەتەوە" و هیوای سەرکەوتنی بۆ کریستیان ریچەر و تیمەکەی لە ئەنجامدانی ئەرکەکەیاندا خواست.
داعش گەورەترین زیانی بە کوردانی ئێزدی گەیاند
لە هێرشەکەی ئابی 2014ی داعشدا بۆسەر سنووری شنگال، نزیکەی پێنج هەزار کوردی ئێزدی کۆمەڵکوژ کران؛ بەهۆی هێرشەکەوە دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون.
هەر لەو هێرشەدا شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران؛ لەو ژمارەیە سێ هەزار و 548 کەسیان لە رەگەزی مێ بوون و دوو هەزار و 869 کەسیش لە رەگەزی نێربوون؛ تاوەکو ئێستا 3 هەزار و 555 کەسیان رزگارکراون. بەشێک لەو کوردە ئێزدییانەی بێسەروشوێنن چاوەڕوان دەکرێت لە کامپی هۆل لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا بن.
رۆژی دووشەممە 19-12-2022، قاسم محەممەد شەریف، قایمقامی قەزای تەلەعفەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تەنیا لە قەزاکەیان لەدوای ساڵی 2014وە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە 400 بۆ 450 ژن و کچی دانیشتووی قەزاکە لەلایەن چەکدارانی داعشەوە رفێندراون و تائێستا چارەنووسیان نادیارە.
قایمقامی قەزای تەلەعفەر ئاماژەی بەوەش کرد، 40 بۆ 50 لەو کچ و ژنانە گەڕاونەتەوە قەزاکە، بەڵام ئەوانی دیکە چارەنووسیان نادیارە. هاوکات راشیگەیاند، تەنیا یەک خێزانی خەڵکی تەلەعفەر لە کەمپی هۆلەوە گەڕاوەتەوە تەلەعفەر.