رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە هەواڵگری و ئەمنییەکانی عێراق ئاماژە بەوەدەکەن، هێرشە مووشەکییەکانی شەوی سێشەممە بۆ سەر بنکەی سەربازیی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ناوچەی سەوز لەلایەنی هێزێکی سەر بە کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق کراوە.
بەهۆی ئەو بۆردوومانە منداڵێک گیانی لەدەستدا و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون، ئەمە وەک لیوا یەحیا رەسوڵ، گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی بڵاوی کردەوە.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراقیش رایگەیاند، مووشەکەکان لە ناوچەی ئەمین لە بەری رەسافەی شاری بەغدا ئاراستەکراون. چوار مووشەک گەیشتوونەتە ناوچەی سەوز و سێ دیکەش لە چەند ناوچەیەکی دیکە کەوتوونەتە خوارەوە.
بەپێی ئەو وێنانەی، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە ئۆتۆمبێڵێکی بارهەڵگری جۆری کیا سووتاوە، کە سەکۆی هەڵدانی مووشەکی بارکردووە.
روون نییە چۆن هێرشبەرەکان ئەو سەکۆ مووشەکییە گەورەیان شاردووەتەوە، ئەو ئۆتۆمبێڵە چۆن بە خاڵەکانی پشکنینی شاری بەغدادا تێپەڕیوە.
سەرچاوەیەکی هەواڵگریی عێراقی باس لەوەدەکات، بەڕێوەبەرایەتی "چاودێری" کامێرەکانی ناوچەکە دەپشکنێت، بەمەبەستی زانینی چۆنیەتی جوڵەی ئەو ئۆتۆمبێڵە، بەڵام دەشڵێت، رەنگە لە ناوچەی ئەمین دروستکرابێت، بەتایبەتی میلیشیاکان بە چڕی بڵاوبوونەتەوە، فەرماندەیەکی گەورەی ئەو میلیشیانەش خۆی شاردووەتەوە لە ترسی بە ئامانجکردنیی لەلایەن ئەمریکاوە.
سەرچاوەکە ناسنامەی ئەو فەرماندە گەورەیەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتی عەسائیب ئەهللحەق ماڵێکی لەناوچەی ئەمینە، ئەو شوێنەی مووشەکەکانی تێدا ئاراستەکراوە.
سەرچاوەیەکی دیکەی ئەمنی لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا پێیوایە ئەو مووشەکانە و سووتانی سەکۆ مووشەکییەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشێوەیەکی سەرەتایی دروستکراون. هاوکات بەدووری زانی داعش ئەو هێرشە کردبێت، بەڵکو دیمۆگرافیای ئەو ناوچەیەی کە مووشەکانی تێدا ئاراستە کراوە، تێوەگلانی میلیشیاکان دەردەخات.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گروپی ئەسحابولکەهف "أصحاب الكهف" بەرپرسیاریەتی ئەو هێرشەی لە ئەستۆگرت و رایگەیاند هێرشەکە لە تۆڵەی دەستگیرکردنی سێ ئەندامی گرووپەکە بووە لە فەللوجە لەلایەنی هێزەکانی ئەمریکاوە.
ئەسحابولکەهف، گروپێکی تازەیە، سەرچاوەکانی دەزگای هەواڵگری لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێن سەر بە کەتیبەکانی حیزبوڵڵان لە عێراق.
هێرشەکە بە ئابڕووچوون و شەرمەزاری بۆ گرووپەکە شکایەوە، سەرەتا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنە و کاتی ئاراستەکردنی مووشەکانیان بڵاوکردەوە و نووسیان لە تۆڵەی کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندسە. بەڵام کاتێک هەواڵی گیانی لەدەستدانی منداڵێک بەهۆی هێرشەکەوە بڵاوبووەوە، کەتیبەکانی حیزبوڵڵا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویانکردەوە، ئەو هێرشە گەمژەییە، یاخود پیلانگێڕیی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکایە.
لە توویتەر گرووپێک کە بە "بانکی تویتەکان" ناسراوە، وەک سووپای ئەلیکترۆنی میلیاشاکان کار دەکات بۆ دروستکردنی کۆدەنگی لەسەر بابەتێک یان رووداوێک. کاتێک سەیری توویتەکانی بانکەکە لە دوای هێرشەکە دەکەی، جۆرێک لە شەرمەزاری و ئابڕووچوونی بۆ ئەو گرووپانە دروستکردووە. چونکە سەرەتا هێرشەکەیان لە ئەستۆگرتووە، بەڵام کاتێک دەزانن هێرشەکە قوربانی سڤیلی لێکەوتووەتەوە، لە قسەکانیان پاشگەز بوونەتەوە.
ئەمین سەعد، نووسەری عێراقی، دەڵێت جێگەی سەرسووڕمانە، میلیشیاکان هێرشی مووشەکی دەکەن کە ئەمریکا رایگەیاندووە ژمارەیەک لە هێزەکانی لە عێراق دەکشێنێتەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی پێکەنینە سەرەتای ئەو هێرشەیان لە ئەستۆگرت، دوای چەند خولەکێکی دیکە رەتیانکردەوە، ئەو کارەش بۆ شێواندنی رای گشتی بووە.
کریستۆفەر میللەر، وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە وەکالەت، ئێوارەی رۆژی سێشەممە رایگەیاند، هێزەکانی لە عێراق بۆ 2500 سەرباز کەمدەکەینەوە.
سەعد دەڵێت، ئەوانەی ئەو مووشەکانە ئاراستە دەکەن، لە کشانەوەی ئەمریکا دەترسن، ئەو میلیشایانە بنکەیان لە بنکەی سەربازی ئەمریکا لە ئەنبار نزیکە، باشە بۆچی سوورن لەسەر هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانە و خەڵکی سڤیل.
بە بۆچوونی ئەو نووسەرە عێراقییە، ئامانجی ئەو میلیشیایانە ئیستیفزازکردنی هێزەکانی ئەمریکا و تێکدانی وادەی کشانەوەی ئەو هێزانەیە، تاوەکو بتوانن بەردەوام بن لە بازرگانیکردن بە دروشمەکانی بەرگری "مقاوەمە"، ترسیان هەیە کشانەوەی ئەمریکا سەرەتایەک بێت بۆ ئەوەی ئەمریکا لە ئێران بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ