بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى پاڵاوگەى ناوەڕاستى عێراق بەتۆمەتی زیادبوونی موڵک و ماڵەکەی دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرى گشتیی کۆمپانیاى پاڵاوگەى ناوەڕاستى عێراق بەتۆمەتى سپیکردنەوەى پارە و زیادبوونى موڵک و ماڵەکەى، دەستگیرکرا.
رۆژی 18ىـی ئەیلوولى 2023، دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنى عائید خەفاجى، بەڕێوەبەرى گشتیی کۆمپانیاى پاڵاوگەى ناوەڕاستى بڵاوکردەوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوەکە، دەستگیرکردنى ئەو بەرپرسە بەتۆمەتى سپیکردنەوەى پارە و زیادبوونى موڵک و ماڵەکەى بووە و لەکاتى دەستگیرکردنیدا، چەند گرێبەستێکى هاوبەشیکردنى پێ گیراوە.
بڕیارى دەستگیرکردنى عائید خەفاجى، لە 17ـی ئەیلوولى 2023 لەلایەن دادگەى تێهەڵچوونەوەى کەرخ لە بەغدا دەرکرا، لەسەر بنەماى سکاڵایەک کە دەستەى دەستپاکیی عێراق لەدژى تۆماری کردووە.
بەگوێرەى نووسراوێکى ئەو دادگەیە، عائید خەفاجى بەگوێرەى مادەى 36ـی یاساى سپیکردنەوەى پارە و پارەدارکردنى تیرۆر دەستگیرکراوە، کە سزاکەى بەندکردنە بەجۆرێک لە 15 ساڵ زیاتر نەبێت، لەگەڵ سزاى پێبژاردن کە پێنج ئەوەندەى پارە سپیکراوەکە نەبێت.
دەستەى دەستپاکیى عێراق ئاشکرای کردووە، بەڕێوەبەرى گشتیى پاڵاوگەى ناوەڕاست، شەش موڵکى خۆی لە کۆمەڵگەیەکى نیشتەجێبوون لە عومان، لە دەستەکە شاردووەتەوە و دوو گرێبەستى هاوبەشى لە هۆتێل و دوو کۆمپانیاى دیکەش هەبووە، کە ئاشکرای نەکردوون و بڕى پارە زیادەکانیشی گەیشتووەتە زیاتر لە حەوت ملیار و 841 ملیۆن دینار.