44 هەزار راگەیاندکار، چاودێر و بریکاری حیزبەکان چاودێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند زیاتر لە 44 هەزار راگەیاندکار و چاودێر و بریکاری حیزبەکان چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن. چوارشەممەی داهاتووش بۆ جاری سێیەم و دواجار ئامێرەکانی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق تاقیدەکەنەوە.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند: "لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانمان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە 10ی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا بکرێت، چوارشەممەی داهاتوو 22/9/2021 بۆ جاری سێیەم و دواجار ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەموو عێراق تاقیدەکەینەوە".
بەپێی راگەیێندراوەکەی کۆمیسیۆن پرۆسەی تاقیکردنەوەکە لە دوو وێستگەی هەر ناوەندێکی تۆمارکردن بەڕێوەدەچێت؛ لە کاتێکدا 1079 ناوەندی تۆمارکردن لە هەموو عێراق هەیە، هەروەها پرۆسەکە بە ئامادەبوونی کۆمپانیای کۆری بەرهەمهێنەری ئامێرەکانی هەڵبژاردن لە عێراق، کۆمپانیای ئەڵمانی پشکێنەری ئامێرەکان و نوێنەری نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی هەڵبژاردن لە عێراق بەڕێوەدەچێت.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق راشیگەیاند: "بۆ مسۆگەرکردنی بێگەردیی پرۆسەی هەڵبژاردن؛ لە رێگەی نووسینگەکانمانەوە لە پارێزگاکان بەردەوامین لە دەرکردنی ناسنامەی تایبەت بۆ هەموو (راگەیاندکاران و چاودێرانی خۆجێی و نێودەوڵەتی) کە چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن، هاوکات ژمارەی راگەیاندکارە خۆجێیەکان گەیشتە 164 راگەیاندکار، لەگەڵ 1455 چاودێری خۆجێی، 244 چاودێری نێودەوڵەتی و 133 راگەیاندکاری نێودەوڵەتی، هەروەها ناسنامەی تایبەتمان بۆ 42 هەزار و 817 بریکاری پارتە سیاسییەکان دەرکردووە، کە بڕیارە چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردن بکەن".
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 12/7/2021 و دواتر لە 23/8/2021 ئامێرەکانی خوێندنەوەی دەنگەکان و ناردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراقی تاقیکردەوە.
بڕیارە پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق لە 8ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 بەڕێوەبچێت، دواتر لە 10ی هەمان مانگ پرۆسەی دەنگدانی گشتی بەڕێوەدەچێت.
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی 2021دا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند؛ ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق مافی دەنگدانیان هەیە 24 ملیۆن و 29 هەزار و 927 دەنگدەرە، کە لە 8 هەزار و 273 ناوەندی دەنگدان لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان دەنگدەدەن، بە تێکڕاش ئەو ناوەندانە بریتین لە 55 هەزار و 41 وێستگەی دەنگدان، لە هەر وێستگەیەکیش نزیکەی 450 دەنگدەر دەنگ دەدەن.