رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى پەرلەمانى عێراق بڕیاری دا، ناردنە دەرەوەی پەرلەمانتاران (ئیفاد) هەڵبوەشێنێتەوە و هەر پەرلەمانتارێک ئامادەى کۆبوونەوەیەک نەبێت ملیۆنێک دینار لە مووچەکەى ببڕدرێت و کار بە دەنگدانى ئەلیکترۆنى بکرێتەوە.
ئەو بڕیارانەى مەحموود مەشهەدانى لە کۆبوونەوەیەکدا بوو لەگەڵ سەرۆک و نوێنەرى فراکسیۆنەکان، کە ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ى کانوونى دووەمى 2025، کرا، پرسی سەرەکیی کۆبوونەوەکە دۆزینەوەى چارەسەر بووە بۆ کێشەى ئامادەنەبوونى رێژەى یاسایی پەرلەمانتاران لە دانیشتنەکان.
بە گوێرەى راگەیێندراوێکى نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکى پەرلەمان، مەحموود مەشهەدانى فەرمانی داوە بە هەڵوەشاندنەوەى سەرجەم "ئیفاد"ى پەرلەمانتاران.
دارا سێکانیانى، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان کە ئامادەى کۆبوونەوەکە بووە، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "ئەو بڕیارە سەرجەم ئیفادى پەرلەمانتاران دەگرێتەوە بۆ ئەو ماوەیەى کە لە بەردەم کارى ئەم خولى پەرلەمانەدا ماوە."
ئیفادى پەرلەمانتاران، ناردنیانە بۆ دەرەوەى وڵات بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسم و بۆنەکان، یان یاوەریکردنى سەرۆکوەزیران و بەرپرسانى دیکەى حکومەت. خەرجیی ئەو گەشتانەیان لەسەر بودجەى پەرلەمان دەبێت.
کۆتایی مانگى تشرینى یەکەمى 2025، تەمەنى ئەم خولەى پەرلەمانى عێراق کۆتایی دێت، بەر لەوەى هەڵبژاردن بۆ خولێکى نوێ بکرێت.
دارا سێکانیانى گوتى: "یەکێک لە هۆکارەکانى دیکەى هەڵوەشاندنەوەى ئیفادى پەرلەمانتاران وەکو ئەوەى لە کۆبوونەوەکە باسکرا، ئەوە بووە کە تێچووى دارایی سەرشانى دەوڵەت زیاد دەکات".
یەکێک لە بڕیارەکانى دیکەى مەحموود مەشهەدانى ئەوە بووە کە بۆ دەنگدان لە ناو پەرلەماندا دەگەڕێنەوە بۆ کارکردن بە دەنگدانى ئەلیکترۆنى.
بە گوێرەى راگەیێندراوەکە، مەشهەدانى لە کۆبوونەوەکەدا گوتوویەتى: "لە رۆژانى داهاتوودا بنەماکانى رەفتارى پەرلەمانى و پەیڕەوى ناوخۆ کارا دەکرێت و هەر پەرلەمانتارێک لە کۆبوونەوەیەکى پەرلەمان ئامادە نەبێت، یەک ملیۆن دینارى لێ دەبڕدرێت و ناوی لە ماڵپەڕى ئەلیکترۆنى پەرلەمان بڵاودەکرێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ