رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانى عێراق 21ـى کانوونى دووەمى دیاریکرد بۆ دەنگدان لەسەر ئەو سێ پڕۆژەیاسایەى پەیوەندیدارن بە کورد، سوننە و شیعە کە پێشتر ناکۆکییان لەسەربوو.
بە گوێرەى خشتەى کارى کۆبوونەوەکانى پەرلەمانى عێراق بۆ 21ـى کانوونى دووەمى 2025، دەنگ لەسەر هەرسێ پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوی و خانوو بۆ خاوەنەكانیان، لێبووردنی گشتی و هەمواری یاسای باری کەسی دەدرێت.
ئەو سێ پڕۆژەیاسایە چەند جارێک خراونەتە کارنامەى پەرلەمانەوە بۆ ئەوەى دەنگیان لەسەر بدرێت، بەڵام بەهۆى ناکۆکیى لەسەریان دواخراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـى کانوونى دووەمى 2025، سۆران عومەر، سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵى داگەریى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: دانانى ئەو سێ پڕۆژەیاسایە بۆ دەنگدان لە کۆبوونەوەى سێشەممە، دواى ئەوە بوو کە فراکسیۆنى تەقەدووم بایکۆتى دانیشتنەکانى پەرلەمانی شکاند.
پڕۆژەیاساى هەموارى لێبووردنى گشتى، داواکاریى سوننەکانە، بەهۆى ئەوەى شیعەکان تێبینییان لەسەرى هەبووە، فراکسیۆنى تەقەدووم کە یەکێکە لە لایەنە سوننەکان، بایکۆتى دانیشتنەکانى پەرلەمانى کردبوو.
پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی زەوی و خانوو بۆ خاوەنەكانیان، لە بەرژوەندیى کورد و تورکمانە، هەندێک لە عەرەبی سوننە لە دژین و شیعەکانیش دەیانەوێت چەند ناوچەیەکى سنوورى پارێزگاکانیان بخەنە نێو ئەو پڕۆژەیاساوە.
هەمواری یاسای باری کەسی، داواکاریى شیعەکان بە ئاراستەى جێکردنەوەى مەزهەبی جەعفەرییە لەو یاسایە.
جگە لەو سێ پڕۆرژەیاسایە، لە کۆبوونەوەى 21ـى کانوونى دووەم، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای تەندروستیى دەروونى دەدرێت، خوێندنەوەى یەکەم بۆ پێشنیازە یاساى سەندیکاى وەرزشوانانى عێراق و خوێندنەوەى دووەم بۆ پێشنیازە یاساى خوێندنى باڵاى ئەهلی دەکرێت و راپۆرتى لیژنەیەکى کاتیى پەرلەمان پێشکێش دەکرێت لەبارەى بەدوادچاوون بۆ پرسى پاراستنى موڵک و ماڵى دەوڵەت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ