سوودانی بۆ راوێژکارەکانى: بەبێ رەزامەندیی فەرمی لێدوان مەدەن
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانى عێراق فەرمانی دا بە راوێژکارەکانى کە بەبێ رەزامەندیی فەرمى، نابێت لێدوان بدەن. هەروەها سەرپشکیان دەکات لە ماوەنەوە لە پۆستەکانیان یان دەستبەرداربوون، بۆ ئەوەى ئازاد بن لە لێدواندان.
چوارشەممە، 18ـی کانوونى یەکەمى 2024، نووسینگەى رۆژنامەڤانیى سەرۆکوەزیرانى عێراق لە راگەیێنراوێکدا ئەو بڕیارەى محەممەد شیاع سوودانى بڵاوکردەوە.
سوودانى فەرمانی داوە بە راوێژکارەکانى کە لە لێدوانە رۆژنامەڤانییەکانیان لێکدانەوەیەک کە پێچەوانەى چوارچێوەى گشتیى بەڕێوەبردنی دەوڵەت بێت 'لە رێگەى دەربڕینى بۆچوونى کەسییان، کە بۆ نوێنەرایەتى بۆچوونى حکومەت نەبێت' و، دەڵێت "نابێت بەبێ رەزامەندیی فەرمى دەرکەوتن و لێدوانتان بۆ راگەیاندن هەبێت."
سەرچاوەیەکى بەرپرس لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "ئەوە دووەمجارە فەرمانى لەو جۆرە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە دەردەکرێت، بەهۆى ئەوەى لێدوانى هەندێک لە راوێژکارەکان لێکەوتەى نەرێنى هەبووە."
بەگوێرەى بڕیارەکە، سەرۆکوەزیرانى عێراق سەرجەم راوێژکارەکانى سەرپشک کردووە لە بەردەوامبوون لە کارى فەرمى یان دەستبەردابوون لە پۆست و پێگە راوێژکارییەکانیان، بەو شێوەیە ئازاد دەبن لە لێدواندان، کە ئاماژەى بۆچوونى کەسیی خۆیان بێت.