هەولێر و بەغدا تەمەنی خانەنشینی یەکدەخەن
رووداو دیجیتاڵ
پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای خانەنشینیی یەکگرتوو لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانە. ئەندامێکی لیژنەی ئابووریی پەرلەمان دەڵێت، تەمەنی خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان و عێراق یەکدەخرێت و دەکرێتە 63 ساڵ.
یوسف کیلابی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی لە پەرلەمانی عێراق،ر ۆژی 15ی ئەم مانگە، نووسراوی بۆ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، داوادەکات سێ مانگی دیکە جێبەجێکردنی یاسای ئێستای خانەنشینی درێژبکاتەوە، تاوەکو هەموارکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو یەکلادەبێتەوە و تەمەنی خانەنشینی دەبێتەوە 63 ساڵ.
عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە فەرمی نووسراوی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کردووە، داوای کردووە هەمواری یاسای خانەنشینی یەکگرتوو بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمان.
لە هەموارەکەدا جارێکی دیکە دەستکاری تەمەنی خانەشینی دەکرێت و لە 60 ساڵییەوە دەکرێتەوە 63.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پشتیوانی هەموارکردنەوەکە دەکەن، بۆ ئەوەی سوود لە توانا و ئەزموونەکان وەربگرێت.
سۆران عومەر، کە هاوکات سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەرییە لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان تەمەنی خانەنشینی 63 ساڵە و لە عێراقیش 60 ساڵە، ئەوەش گرفتی لەنێوان هەولێر و بەغدا دروستکردووە.
پێشتر یاسای خانەنشینی عێراق تەمەنی خانەنشینی بە 63 ساڵ دیاری کردبوو، بەڵام دواتر پەرلەمان هەمواری کردەوە و بۆ 60 ساڵ کەمیکردەوە.
بە گوتەی ئەندامەکەی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق، ئەوکات ئامانجەکەی ئەوەبوو، دەرفەتی زیاتر بدرێتە گەنجان بۆ ئەوەی بکەونە سەر کار، بەڵام ئەوەش گرفتێکی گەورەی دروستکرد و بە یەکجار سێ تەمەن خانەنشین کران، لەکاتێکدا دام و دەزگاکانی دەوڵەت پێویستیان بە توانا و ئەزموونی ئەمانە هەیە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، بە یەکجار پارەیەکی زۆر بۆ سێ تەمەنی خانەشینی خەرجکران، ئەوەش گرفتی بۆ دەستەی خانەشینی نیشتمانیی دروستکرد.