سەدر خۆپێشاندانی ملیۆنى هەڵوەشاندەوە
رووداو دیجیتاڵ
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتى نیشتمانیی شیعە بڕیاری دا ئەو خۆپێشاندانە ملیۆنییە هەڵبوەشێنێتەوە کە پێشتر داوایکردبوو لە 20ى ئەیلوولدا بکرێت، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە "چیدی سوودی نییە" لە دواى هێرشەکانى ئیسرائیل لە دژى گەلانی ناوچەکە.
ئەو بڕیارەى موقتەدا سەدر، لە نووسینێکدا بوو لە تۆڕى ئێکس کە ئەمڕۆ چوارشەممە 18ى ئەیلوول بڵاویکردەوە. نووسیویێتى، "بە لۆژیکى دەزانم خۆپێشاندانە ملیۆنییە چاوەڕوانکراوەکە هەڵبوەشێتەوە، چیدیکە سوودى نەماوە لە دواى هەموو ئەو دەستدرێژییانەى ئیسرائیل لە دژى گەلان."
ئەو بڕیارەى موقتەدا سەدر دواى کەمتر لە دوو کاژێر بوو لە تەقینەوەى ژمارەیەک ئامێری بێتەل (وۆکی تۆکی) لە لوبنان کە بەهۆیەوە، تاوەکو ئێستا 14 کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 450 کەسیش بریندار بوون.
رۆژی 17ـى ئەیلوول، بەهۆى تەقینەوەى هەزاران ئامێرى پەیوەندى پەیجەر لە لوبنان کە لە دەستی ئەندامانی حیزبوڵڵادا بوون، زیاتر لە 12 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی سێ هەزار کەسیش بریندار بوون، بەرپرسانى ئەو وڵاتە ئیسرائیلیان بە ئەنجامدانى ئەو هێرشە ئەلیکترۆنییە تۆمەتبار کرد.
رێبەری رەوتى نیشتمانی شیعە دەڵێت: "خۆپێشاندان لە ئاستى ئەو رووداوە گەورەیەدا نییە."
رۆژی 23ى ئاب موقتەدا سەدر داوایکرد ئەو خۆپێشاندانە ملیۆنییە لە 17ى مانگى رەبیعولئەوەل (20ى ئەیلوول) لە گۆڕەپانى تەحریری بەغدای پایتەختی عێراق بکرێت کە هەینیی داهاتوو دەکات.
بانگەوازەکەى سەدر بۆ ئەوە بوو "خۆپێشاندانێکى مەدەنییانە" لە گۆڕەپانى تەحریری بەغدا بۆ پاڵپشتیی فەلەستین لە دژى ئیسرائیل بکرێت.
لە 7ى تشرینى یەکەمى 2023 ەوە شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەى حەماسى فەلەستینى دەستپێکرد، ئەمەش دوای ئەوەی بزووتنەوە فەلەستینییەکە هێرشی کردە سەر چەند ئۆردووگایەکی جوونشین لە ئیسرائیل، لە بەرامبەردا ئیسرائیل بە تووندی وەڵامی حەماسی دایەوە و ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەوینی بۆ سەر غەززە دەستیپێکرد. بەهۆیەوە تائێستا زیاتر لە 40 هەزار کەس لە کەرتى غەززەدا کوژران.