فراکسیۆنە کوردستانییەکان پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەى خانوو و زەوییان لەگەڵ فراکسیۆنە سوننەکان تاوتوێ کرد

 
رووداو دیجیتاڵ

فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ فراکسیۆنە سوننەکان کۆبوونەوە، ئەوەش بە مەبەستی روونکردنەوەی پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەى خانوو و زەوی بۆیان. سەرۆک فراکسیۆنێک دەڵێت، "کۆبوونەوەکە زۆر باش بوو و ئاستەنگییەکانی بەردەم هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعسمان تێپەڕاند."
 
شەوی رابردوو، سەرۆک فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی خالید شوانی، وەزیری داد لە ماڵی موحسین مەندەلاوی، سەرۆکی کاتیی پەرلەمان لەگەڵ سەرۆک فراکسیۆنە سوننەکان کۆبوونەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەسەر پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى زەوی و خانوو بۆ خاوەنەکانیان.
 
شەوێک پێشتر سەرۆک فراکسیۆنە کوردستانییەکان هەر لە ماڵی موحسین مەندەلاوی لەگەڵ فراکسیۆنە شیعەکان کۆبوونەوە، بە ئامادەبوونی هادی عامری، سەرۆکی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی  140ی دەستووری هەمیشەیی عێراق.
 
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق کە لە هەردوو کۆبوونەوەکەدا بەشداربووە، رۆژی چوارشەممە 18-09-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەردوو کۆبوونەوەکە زۆرباش بوون و تا رادەیەک ئاستەنگییەکان لەبەردەم هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی بەعسمان تێپەڕاند، بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بە زووترین کات بخرێتە بەرنامەی کار و دەنگی لەسەر بدرێت".
 
لە رابردوودا سوننەکان پرۆژەکەیان رەتکردوەتەوە و بەشێک لە شیعەکانیش پشتیوانییان لە سوننەکان کردووە. بڕیاربوو لە دانیشتنی رۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیەی پەرلەمانی عێراقدا دەنگ لەسەر پڕۆژەکە بدرێت، بەڵام لەسەر داوای شیعەکان بۆ 72 کاژێر دواخرا.
 
بە گشتی لە سنووری پارێزگای کەرکووک ملیۆنێک و 200 هەزار دۆنم زەوی لەنێوان کورد و تورکمان لەگەڵ عەرەبی هاوردە کێشەیان لەسەرە. لە خورماتووش لە پارێزگای سەڵاحەدین 10 هەزار دۆنم زەوی کێشەی لەسەرە.