وردەکاریی سکاڵای ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق دژی ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
بە مەبەستی ناردنی 700 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ئەمینداری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق نووسراوی ئاراستەی وەزارەتی دارایی عێراق کرد.
لەم هەفتەیەشدا، بڕیارە وەزارەتی دارایی عێراق، نووسراو بۆ هەریەک لە بانکەکانی رەشید، رافیدەین و تی بی ئای بکات تاوەکو ئەو بڕە پارەیە بخەنە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لەسەر ئاستی پەرلەمانی عێراق، 120 واژۆ کۆکراوەتەوە بۆ ئەوەی بڕگەی خەرجیی راستەقینە لە یاسای بودجەدا لاببرێت کە کێشەی گەورەی لەبەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەران دروستکردووە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "واژۆکانمان گەیشتوونەتە 120 واژۆ، بۆ ئەوەی هەمواری ئەو بڕگەیە بکەینەوە کە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جیابکرێنەوە لە خەرجی راستەقینە، هاوشێوەی شارەکانی دیکە، چونکە خشتەی (ج) کە ئێمە دەنگمان لەسەردا، باسی بازنەی ناوەندی دەکات، هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەوە، بۆچی سەرجەم پارێزگاکان خەرجی راستەقینە هەژمار ناکرێت تەنیا بۆ هەرێم[ـی کوردستان] دەکرێت، ئەوە دەکەینە پرۆژەیەک پێشکێشی دەکەین تاوەکو لەگەڵ ئەو سێ مانگە لەنێو پەرلەمان ئەو برگەیە هەموار بکەینەوە."
بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، بەرەوپێشچوونێکی باش بۆ داواکارییەکەیان هەیە، "بەتایبەتی لەلایەن ئەو پەرلەمانتارانەشی کە کاتی خۆی پرۆژەکەیان بە لاڕێدا برد و ئەو ئەنجامەی لێکەوتەوە، [ئێستا] هەموو لایەک هاوسۆزن لەسەر ئەوەی کە نابێت مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان تێکەڵ بە کێشەی سیاسی بکرێت."
وەکو هەمیشە ئەو دەنگە ناڕازییانەی دژی هەرێمی کوردستانن، سکاڵایان دژی ناردنی مووچەی فەرمانبەران لە دادگەی فیدراڵیی تۆمارکرد، داواش دەکەن تاوەکو ئەو کاتەی بڕیاری کۆتایی لە دادگە دەردەچێت، ناردنی هەر بڕە پارەیەک رابگیرێت کە حکومەتی عێراق بڕیاری لێداوە.
عالییە نوسەیف، پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو سولفەیە یاسایی نییە، بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران نایاساییە، بێگومان لە دادگەی فیدراڵی تانەی لێدەدەین.. [ناردنی سولفەکە] نایاساییە، بۆیە بە ئاسانی تانەی لێ دەدرێت."
حکومەتی عێراق بۆ سێ مانگ دوو تریلیۆن و 100 ملیار دیناری بۆ مانگەکانی 9، 10 و 11 وەکو قەرز بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکرد. بڕیارە ئەو قەرزە لە پشکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2023 دەربکات، ئەگەر پشکی هەرێمی کوردستان بەشی دانەوەی قەرزەکە نەکات لە ساڵی 2024 لە پشکی هەرێمی کوردستان ئەو بڕە پارەیە دەبڕدرێت.