هەوڵەکان بۆ دەرچوون لە چەقبەستوویی سیاسی لە دوای چلەی ئیمام حوسێن

 
رووداو دیجیتاڵ

رێوڕەسمەکانی تایبەت بە چلەی ئیمام حوسێن کۆتاییانهات و چاوەڕێدەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا ترافیکی سیاسی لەنێوان لایەنە سیاییەکانی عێراق لە بەغدا، حەنانە و هەولێر گەرم ببێتەوە.
 
هاوپەیمانی سەروەری، فەتح و پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەوڵدان بگەنە لێکتێگەیشتن لەگەڵ موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر بۆ ئەوەی عێراق لە چەقبەستوویی سیاسی بێننە دەرەوە. لە لایەکی دیکەشەوە لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی نزیکەی 180 واژۆیان بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنی پەرلەمان کۆکردووەتەوە و دەیانەوێ پێش کۆتایی ئەم مانگە پەرلەمانی عێراق کۆببێتەوە. 
 
لە دیبەیتێکدا کە رۆژی یەکشەممە 18-09-2022، کاژێر 14:00 بەکاتی هەولێر لە تۆڕی میدیایی رووداو پەخشکرا و نوێنەر فاتیح پێشکێشی کرد. تاوتوێی ئەم پرسانە و کۆمەڵێک بابەتی دیکەی پەیوەندیدار بە پرۆسەی سیاسیی عێراق کرا، بە بەشداری ماجید شنگالی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی؛ کازم حەیدەری، ئەندامی دەوڵەتی یاسا؛ خالید سەرای، ئەندامی هاوپەیمانی فەتح و ئەحمەد مەیاحی، نووسەر و لێکۆڵەر لە کاروباری عێراق. 
 
لەبارەی هەوڵەکان بۆ دانیشتنی پەرلەمان و پرسی پێکهێنانی حکومەت، ماجید شنگالی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دەڵێت: "هەواڵ هەیە شاندێک کە پێکهاتوون لە نێچیرڤان بارزانی و حەلبووسی و عامری بچنە حەنانە و لەگەڵ سەدر کۆببنەوە و بگەنە رێککەوتنێک لەسەر پرسی پێکهێنانی حکومەت، هەڵبژاردنی پێشوەخت، هەمواری یاسای هەڵبژاردن و چۆنێتی پێکهاتەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان." 
 
ماجید شنگالی پێیوایە، گۆڕانکاری و هەموارکردنی دەستووریش "لەو ماوەیەدا زۆر ئەستەمە، بۆیە پێویستە رێککەوتنێکی سیاسی بە گەرەنتی نێودەوڵەتی بکرێت لەسەر ئەوەی ئەو لایەنەی کە زۆرترین کورسی پەرلەمان دەهێنێت، دەتوانێت حکومەت پێکبهێنێت ئەگەر هاوپەیمانییەک پێکبهێنێت و 50+1 مسۆگەر بکات." 
 
ئەندامەکەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە پێویستی دەزانێت، "رێککەوتنێکی سیاسی بکرێت لەسەر حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی کە ئەوە داواکاری سەدرە. هەروەها سەدر پێداگرە لەسەر ئەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی حکومەت پێکنەهێنێت و ناڕەزایەتییەکی زۆریش لەسەر بەربژێرکردنی محەممەد شیاع سوودانی هەیە، هەروەها دەیانەوێت کۆمیسیۆن وەکو خۆی بمێنێتەوە و یاسای هەڵبژاردنیش وەک خۆی بمێنێتەوە. بۆیە پێویستە لایەنی سەدری گەرەنتییەک لە پارتی و سەروەری و هادی عامری وەربگرێت ئەگەر گۆڕانکارییەکیش بکرێت، رەزامەندی ئەویشی لەسەر بێت." 
 
"موقتەدا سەدر دەیەوێ پارتی ببێتە گەرەنتیکاری سازانی لایەنەکان"
 
ماجید شنگالی دەشڵێت: "موقتەدا سەدر دەیەوێ پارتی ببێتە گەرەنتیکاری سازانی لایەنەکان، چونکە متمانەیەکی زۆری بە پارتی و سەرۆک مەسعود بارزانی هەیە، بەڵام کە نایەوێت ببێتە لایەنێکی گەرەنتیاکار هۆکارەکەی ئەوەیە لە رابردوودا ئەو لایەنە سیاسییانە زۆر گەرەنتی و پەیمانیانداوە و پێش هەڵبژاردن بەڵگەنامەیەکیان واژۆ کرد، بەڵام پابەند نەبوون بەو بەڵگەنامەیە. بۆیە ئەگەر گەرەنتییەکی بەهێز نەبێت و سبەی پێیەوە پابەند نەبن، پارتی دەبێتە جێگەی گومان." 
 
فراکسیۆنی پارتی: رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت و یاسای نەوت و غاز دەربچێت
 
سەبارەت بەو گەرەنتییانەشی کە پارتی دەیەوێت "لەدوای ئەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان دەستپێدەکاتەوە"، ماجید شنگالی دەڵێت: "جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، پرسی بودجە، دەرچوونی یاسای نەوت و غاز، چارەسەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەپێی دەستوور و یاسا."   
 
سەبارەت بە پرسی سەرۆککۆماریش، بە گوتەی ماجید شنگالی: "لەگەڵ یەکێتی لەبارەی سەرۆککۆمار لەگفتوگۆداین و نزیکبوونەوەش هەیە. چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە دەڵێت، کێشەکە لە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارە، هیچ کێشەیەک لەسەر سەرۆککۆمار نییە. کێشەی ئەمڕۆ کێشەی رێککەوتن و لێکتێگەیشتنی نێوان چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەوتی سەدرە. پرسی سەرۆککۆمار نابێتە گرفتی سەرەکی نێوان پارتی و یەکێتی." 
 
"دەوڵەتی یاسا دەیەوێ کابینەی نوێ بە تەواوی دەسەڵاتەکانیەوە دەستبەکاربێت"
 
لەبارەی بۆچوونی دەوڵەتی یاسا بۆ پرسی پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی پێشوەختە، کازم حەیدەری، ئەندامی دەوڵەتی یاسا گوتی: "دەوڵەتی یاسا دەیەوێ کابینەی نوێ بە تەواوی دەسەڵاتەکانیەوە دەستبەکاربێت، ئێمە لەگەڵ وتوێژین لەگەڵ هەموو لایەنەکان و تێبینیمان لەسەر هیچ لایەنێک نییە. بەڵام پێویستە سەرجەم گوتوبێژەکان بەپێی رێڕەوە دەستوورییەکان بێت."
 
بە گوتەی کازم حەیدەری، ئەگەر ئەوان لە سەرەتاوە خاوەن بڕیاربوونایە دەستیان بە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت دەکرد و دەڵێت، "پێویستمان بە گوتوبێژ بوو لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بۆ ئەوەی بۆچوون و رای ئەوانیش وەربگرین. ئێستاش دوای چلەی ئیمام حوسێن چاوەڕوانی ئەنجامی ئەو گوتوبێژانە دەکەین کە لەگەڵ هێزەکانی دیکە دەکرێت، بە تایبەت لەگەڵ هاوپەیمانی سەروەری و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەوەی بە ئەنجامێک دەربچین و لەسەر ئەو بنچینەیە حکومەتی داهاتوو دروست بکەین." 
 
کازم حەیدەری بە پێویستی دەزانێت لە هەوڵەکانیان بەردەوامبن بۆ پێکهێنانی حکومەت و دەشڵێت: "چوارچێوەی هاوئاهەنگی کە گەورەترین فراکسیۆنە محەممەد شیاع سوودانی بەربژێر کردووە، کەسێکی شیاوە بۆ ئەو پۆستە و بۆ گۆڕینی محەممەد شیاع سوودانی هیچ هۆکارێک نابینین." 
 
ئەحمەد مەیاحی، نووسەر و لێکۆڵینڤان لە کاروباری عێراق پێیوابوو دوای راگەیێندراوەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانیی سەروەری "ئێستا دۆخەکە زۆر گۆڕاوە، چونکە پێشتر موقتەدا سەدر داوای لە پارتی و سەروەری کردبوو لە پەرلەمان بکشێنەوە و پەرلەمان رەوایەتی لەدەست بدات. بەڵام پارتی و سەرەوەری لەگەڵ ئەوە نەبوون پەرلەمان بەو شێوەیە لە شەقامەوە هەڵبووەشێتەوە." 
 
ئەحمەد مەیاحی پێشیوابوو دوای دوو هەفتەی دیکە لەگەڵ کۆتاییهاتنی چلەی ماتەمینی "جووڵەیەکی سیاسی گەورە دەستپێدەکات و لە کۆتاییدا حکومەت پێکدەهێندرێت. بەڵام بەشێک لە تشرینییەکان رەنگە نەیانەوێت پرۆسەی سیاسی بەردەوام بێت و پێموابێت کێشە دروست دەکەن، ئەوان باوەڕیان بە گفتوگۆ و دانوستاندنی سیاسی نییە."
 
بە بڕوای ئەو نووسەر و لێکۆڵینڤانە ئەگەر لە پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق لایەنی سەدری پشتگوێ بخرێت "دەگەڕێینەوە خاڵی سفر و لە رێگەی شەقامەوە هەموو شتەکان پەکدەخات." 
 
بە بڕوای ئەحمەد مەیاحی تشرینییەکان، "ئەو هێزەی جارانیان نەماوە و پێگەی جەماوەریان لاوازبووە، ئەویش لەبەر چەند هۆکارێک. لەوانە؛ لە هەڵبژاردنەکان ئەنجامەکانیان لاوازبوو، لە ئاستی چاوەڕوانی خۆپیشاندەرەکاندا نەبوو، خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە تشرینییەکان ئێستا دابەشبوونە و ئەو پێگە جەماوەرییەیان نەماوە و کاریگەریان لەسەر پرۆسەی سیاسی نابێت".
 
سەبارەت بە ناوەڕۆکی ئەو دەستپێخەرییەی هاوپەیمانی فەتح هەیەتی بۆ تێپەڕاندنی ئەو بنبەستە سیاسییە. خالید سەرای، ئەندامی هاوپەیمانی فەتح گوتی: "پرۆسەی سیاسی لە عێراق کە ئێستا واقیعی سیاسیی عێراق بەخۆیەوە دەبینێت بە تایبەت لە رۆژانی یەکەمی دوای هەڵبژاردنەوە تاوەکو ئەمڕۆ زۆر دەستپێشخەری بەخۆیەوە بینی، بەڵام هیچیان نەگەیشتنە ئامانجی سەرەکی خۆیان کە پەیوەندیان بە سەقامگیری سیاسییەوە هەیە." 
 
خالید سەرای بە پێویستی زانی هەموو لایەنەکان بگەنە چارەسەر و دەڵێت: " لەژێر ئەو رۆشناییەی ئەو دۆخەی سیاسییەی ئێستا عێراقی تێدایە، دەتوانین بڵێین ناگاتە چارەسەر. بۆیە چەندین دەستپێشخەری خرانەتەڕوو بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە سیاسییە، بۆیە پێویستە هەموویان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و چارەسەری کێشەکان بکەن." 
 
ئەندامەکەی هاوپەیمانی فەتح دەڵێت: "ئێمە باوەڕمان بە هاوبەشی لەگەڵ هەموواندا هەیە، بەبێ ئەوەی کەس پەراوێز بخرێت. باوەڕی راستەقینەمان لەو پرسە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە دەمانەوێت هەمووان بەشداری حکومەت بکەن، ئەمە هەر لەسەرەتاوە بۆچوونی ئێمە بووە و پێمانوابووە هەموو ئەوانەی کە نوێنەری گەلن و کورسیان بردووەتەوە پێویستە نوێنەریان لە حکومەت هەبێت. بۆیە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ پەراوێزخستنی هیچ لایەنێک نەبووینە، باوەڕمان بە سازان هەیە." 
 
"کێشەکانی عێراق لەنێوان سێ لایەنەوە بووەتە چوار لایەن"
 
ئاشنا بابان، مامۆستای زانستە سیاسییەکان بە رووداوی راگەیاند: ئەگەر لایەنەکان بەبێ رەوتی سەدر کۆببنەوە، زەحمەتە بتوانن حکومەت پێکبهێنن، چونکە دەبێ بیر لەوە بکەنەوە، ئایا سەدر بەتەنیا بمێنێتەوە چی دەکات؟ چونکە ئەستەمە سەدر ببێتە ئۆپۆزیسیۆن و هەموو هەوڵەکانی بۆ ئەوەیە کە حکومەت پێکنەهێنرێت.

 

بە گوتەی ئاشنا بابان، پێشتر عێراق کێشەیەکی سێ لایەنەی هەبوو، بەڵام ئێستا بووە بە چوار لایەن (سوننە، کورد، شیعە و شیعە)، بۆیە دۆخەکە بەتەواوی ئاڵۆزبووە.
 
"کورد یەک بەربژێری هەبێ تۆپەکەکە هەڵدەداتە گۆڕەپانی بەرامبەر"
 
ئەو مامۆستایەی زانکۆ پێیوایە، یەکەم و گرنگترین هەنگاوی کورد لەم رۆژانەدا، رێککەوتنە لەسەر یەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، چونکە بەو رێککەوتنە تۆپەکە هەڵدەداتە گۆڕەپانی بەرامبەرەوە و بە بیرێکی ئارامەوە سیاسەتی خۆی دەکات.

 

ئاشنا بابان دەڵێت: بەبێ سەدر هیچ هەنگاوێک نانرێ، چونکە ناکرێ بەبەرچاوی ئەوەوە حکومەت بەبێ رەوتەکەی دروستبکرێت، لەکاتێکدا ئەمریکا ناراستەوخۆ پاڵپشتیی لە سەدرییەکان دەکات "بێگومان دوای چلە، سەدر بێدەنگ و بێکردار دانانیشێت."