عێراق و فەرەنسا یاداشتێکى لێکتێگەیشتنى ئەمنى واژۆ دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى بەرگریى عێراق و سوپاى فەرەنسا تاوتوێى قۆناخ و خاڵەکانى یاداشێکى لێکتێگەیشتن دەکەن کە بڕیارە لە نێوان هەردوولا واژۆ بکرێت.
تاوتوێکردنى ئەو پرسە لە کۆبوونەوەیەکدا بووە لە نێوان قەیس مەحمەداوى، جێگرى فەرماندەى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى عێراق و مارک ئۆلیە، پشکنەرى سوپاى فەرەنسا لە بەغدا.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى یەحیا رەسوول، گوتەبێژى فەرماندەى گشتیى هێزە چەکدارەکانى عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە میکانیزم و قۆناخەکانى واژۆکردنى یاداشتى لێکتێگەیشتنى ئەمنى لە نێوان عێراق و فەرەنسا کراوە، بەشێوەیەک لەسەر بنەماى رێزگرتن لە سەروەریى عێراق بێت و پشتبەستوو بێت بە تواناى هێزە ئەمنییەکانى و هاریکارى بەردەوام بە گوێرەى تێڕوانینى حکومەتى عێراقى.
لە راگەیێندراوەکدا هاتووە، خاڵەکانى ئەو یاداشتە پەیوەست دەبن بە پەرەپێدان بە هێزە ئەمنییەکانى عێراق بەتایبەت هێزى ئاسمانى و یەکەى تایبەتى سوپا، ئەوە جگە لە کەمکردنەوەى پشتبەستن بە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژ بە داعش.