پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن دەکات
رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و لە بڕگەیەکدا تاوتوێی درێژکردنەوەی تەمەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ ماوەی شەش مانگ دەکات، ئەوەش بە ئامانجی سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
پێشتر پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنی کرد، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە لە بڕگەی دووەمی بەرنامەی کاری پەرلەماندا خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکات.
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای خوێندنەوەی دووەم، لیژنە پەیوەنیدارەکان کاری لەسەر دەکەن و پەرلەمانتارانیش تێبینیی خۆیان دەدەن، هەروەها بۆچوونی کۆمیسیۆنیشی بۆ وەردەگرێت."
دوای خوێندنەوەی سێیەم بۆ پڕۆژەیاساکە، دەنگی لەسەر دەدرێت. سێکانیانی دەڵێت، نێوان خوێندنەوەی دووەم و سێیەم نابێت لە 48 کاژێر کەمتر بێت، بەڵام بۆ زیاتر ئاساییە.
تەمەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق 07-01-2024 بەسەر دەچوو، بەڵام لە 22-11-2023 پەرلەمانی عێراق مادەی حەوتی یاسای کۆمیسیۆنی هەموار کردەوە و شەش مانگ تەمەنی درێژکردەوە، واتا تاوەکو 07-07-2024.
ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق گوتی، "درێژکرنەوەکە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، لە خوێندنەوەی یەکەم هیچ ناڕەزاییەک نەبوو، ئەگەر ناڕەزاییەک هەبێت لە ئەمڕۆوە دەیبینین."
بەگوێرەی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە نۆ ئەندام پێکدێن و ماوەی کارکردنیان بۆ چوار ساڵە. ئەگەر پڕۆژەیاساکە پەسند بکرێت، ئەوە تەمەنی درێژ دەبێتەوە بۆ 07-01-2025.
هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
هەرچەندە پێشتر 10ی حوزەیرانی 2024 بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرابوو، بەڵام ناڕەزایی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەشی زۆری پێکهاتەکان بووە هۆکاری ئەوەی بەڕێوەچوونی لەو کاتەدا ئەستەم بێت.
بڕیاربوو 10ی ئەم مانگە بانگەشەی هەڵبژاردن دەستپێبکات، بەڵام پێش ئەوە بە سێ رۆژ، دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیارێکی کاتیی لە بەرژەوەندیی سکاڵایەکی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرکرد و جێبەجێکردنی بڕگەیەکی تایبەت بە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی، راگرت، ئەوەش بووە هۆی راگرتنی زۆرینەی کارەکانی کۆمیسیۆن.
دوای نۆ رۆژ و 16ـی ئەم مانگە، دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکان بڕیاری راگرتنی کارەکانی کۆمیسیۆنی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەڵوەشاندەوە و بە "نادروست و پێچەوانەی یاسا" ناوی هێنا و رایگەیاند: "راگرتنی کارەکانی کۆمیسیۆن رەچاوی ئەوەی نەکردووە دەبێت کۆمیسیۆن لە ماوەی ویلایەتی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی ئێستا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات."
بڕیارە یەکشەممە 19ـی ئایاری 2024، دادگەی فیدراڵی سکاڵاکەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ بکات، ئەگەر بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدات، پێدەچێت داهاتووی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و کاتەکەی روون ببێتەوە.
بەگوێرەى دەستوورى عێراق بڕیارەکانى دادگەى فیدراڵى یەکلاکەرەوەن و دەبێت هەموو لایەک پێوەی پابەندبن. دارا سێکانیانى، ئەندامى لێژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق گوتی: "بڕیارە فەرمانسالارییەکەى دادگەى فیدراڵى جێگەى پابەن بوونە، بەڵام ئەو دوو بڕیارە سەرلێشێواوى بۆ کۆمیسیۆن دروستکردووە".
تاوەکو ئەمڕۆ روون نییە کەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکان، هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کە بۆ خولی شەشەم دەبێت، لەنێوان مانگەکانی 09 و 10ـی ئەمساڵدا بەڕێوەدەچێت.