پارەى کارمەندانى کۆمیسیۆن دەکەوێتە دوای پەسندکردنى بودجەی عێراق


رووداو- هەولێر 

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق نووسراوێک ئاڕاستەى وەزارەتى دارایی دەکات بۆ ئەوەی ئەو کارمەندانەی کۆمیسیۆن کە بە شێوەی گرێبەست کار بۆ کۆمیسیۆن دەکەن، بکرێنە هەمیشەیی.
 
جومانە غەلاى، گوتەبێژى فەرمى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 18-4-2022 بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "نووسراوێکى نوێمان ئاڕاستەى وەزارەتى دارایی عێراق کردووە بۆئەوەی ئەو فەرمانبەرانەى کە گرێبەستن بکرێنە هەمیشەیی، ئەوەش بەگوێرەى بڕیارى ژمارە 315ى ئەنجوومەنى وەزیران؛ ئەو فەرمانبەرانە لە هەردوو هەڵبژاردنى 2018 و 2021 فەرمانبەری گرێبەست بوون".
 
بەگوێرەى بڕیارى ژمارە 315 ى ساڵى 2019ى ئەنجوومەنى وەزیرانی عێراق، هەر فەرمانبەرێکى گرێبەست ماوەى پێنج ساڵ خزمەتى هەبێت دەکرێتە فەرمانبەرى هەمیشەیی.
 
ئەو هەنگاوەى کۆمیسیۆن لەکاتێکدایە کە هێشتا شایستەى دارایی کارمەندانى هەڵبژاردن لە هەرێمى کوردستان خەرجنەکراوە.
 
جومانە غەلاى لەو بارەوە گوتى، "ئەگەر زۆرە خەرجکردنى ئەو پارەیەى شایستەى کارمەندانى هەڵبژاردنى کۆمیسیۆن بکەوێتە دواى پەسندکردنى پڕۆژەیاسای بودجەى 2022" بێ ئەوەى هۆکارەکەى باس بکات.
 
کارمەندانى دەنگدانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان کە لەسەرانسەرى عێراقن زیاتر لە 300 هەزار فەرمانبەرن.