یاسایەک لە عێراق دۆسیەى مامەڵەى دارایی 20 ساڵى پلە باڵاکان هەڵدەداتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانى عێراق کار بۆ پەسندکردنى پڕۆژەیاسایەک دەکات کە رێگە بە لێکۆڵینەوە لە مامەڵەى 20 ساڵى رابردووى پلە باڵاکان دەدات و هەر مامەڵەیەکیش لە 500 هەزار دۆلار زیاتر بێت، پێویستە بانکى ناوەندى لێ ئاگادار بکرێتەوە.
 
پەرلەمانى عێراق پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى داهاتى گەندەڵى خستووەتە بەرنامەى کارەوە؛ دەبوو 13ـى ئادار خوێندنەوەى دووەمى بۆ بکرێت، بەڵام بەهۆى گواستنەوەى خشتەى کارى کۆبوونەوەی رۆژى پێش ئەو رێککەوتە، ئەو بابەتە دواخرا بۆ کۆبوونەوەکانى داهاتوو.
 
پڕۆژەیاساکە تایبەتە بە چۆنیێتى گەڕاندنەوەى ئەو پارە و موڵکەى بە گەندەڵی بەدەستهاتووە و لە دەرەوەى عێراقە، تێیدا ئاماژە بەوە دراوە، دواى سی رۆژ لە پەسندکردنى پڕۆژە یاساکە، دەستەى دەستپاکى لیستێک بەناوى خاوەن پلە باڵاکان و خێزان و کەسوکاریان دەداتە بانکى ناوەندیی عێراق بۆ ئەوەى وردبینی تێدا بکرێت.
 
رەشنووسی ئەو پڕۆژە یاسایە کە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتووە، ئاماژە بەوە دەکات، دەبێت دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بانکى ناوەندیی عێراق ئاگادار بکەنەوە لە هەر مامەڵەیەک کە بڕەکەى لە 500 هەزار دۆلار زیاتر بێت یان هەر مامەڵەیەکى گومانلێکراو کە لەلایەن پلە باڵاکان و خێزان و کەسوکاریانەوە بکرێت، تاوەکو ئەویش دەستەى دەستپاکى لێ ئاگادار بکاتەوە و لێکۆڵینەوەی لەبارەوە بکات.
 
کەریم شوکر، جێگرى سەرۆکى لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانى عێراق، رۆژی دووشەممە 18-03-2024، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، پێشووتر یاسایەک لە عێراق نەبووە بۆ گەڕاندنەوەى ئەو پارەیەى بە گەندەڵی دەست کەوتووە و براوەتە دەرەوەى عێراق.
 
لە پڕۆژەیاساکەدا هاتووە، دەبێت زانیارى لەبارەى هەموو ئەو مامەڵە و حەواڵەکردن و قەرزە حکومیانەوە بدرێتە بانکى ناوەندى و دەستەى دەستپاکى کە خاوەن پلە باکاڵان لە یەکى کانوونى دوومى 2004ـەوە ئەنجامیانداوە.
 
جێگرى سەرۆکى لیژنەى دەستپاکیى پەرلەمانى عێراق دەڵێت، "تاوەکو ئێستا ئامارێکى ورد و دیاریکراو نییە بۆ زانینى بڕى ئەو پارەیەى بە گەندەڵی براوتە دەرەوەى عێراق."
 
پڕۆژەیاساکە دەسەڵاتى داوە بە دەستەى دەستپاکی بۆ ئەوەى لەسەر بنەماى بەڵگەى دەستکەوتوو بە گوێرەى یاسا لەگەڵ دەزگەى هەواڵگریى عێراق هاوئاهەنگی بکات بۆ لێکۆڵینەوە و وردبینى مامەڵەى دارایی و سپاردەى بانک و حەواڵەى دەرەکى پلە باڵاکان. 
 
پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى داهاتى گەندەڵى لە ساڵى 2022 لە پەرلەمان خوێندنەوەى یەکەمى بۆ کرا و لە دانیشتنەکانى داهاتوودا خوێندنەوەى دووەمى بۆ دەکرێت، ئەوەش وەک ئامادەکارى بۆ پەسندکردنى.