پاپا فرانسیس: کاتێک سەردانی موسڵم کرد لە دوو هەوڵی تیرۆرکردن رزگارم بوو
رووداو دیجیتاڵ
پاپا فرانسیس کتێبێکی لەسەر ژیانی نووسیوە و بەشێک لە زانیارییەکانی نێو کتێبەکەی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا باسی لە هەندێ نهێنیی سەردانەکەی سێ ساڵ لەمەوبەری بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات و ئاماژە بەوە دەکات لەکاتی سەردانی بۆ موسڵ، دوو جار هەوڵی کوشتنی دراوە.
رۆژی سێشەممە، 17ی کانوونی یەکەمی 2024، بەبۆنەی یادی 88 ساڵە لەدایکبوونی، پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان، هەندێک لە نێوەڕۆکی کتێبەکەی بەناوی "هیوا" کە بڕیارە لە مانگی داهاتوو بکەوێتە بازاڕەوە، بڵاو کردەوە و تێیدا باسی ژیانی منداڵی لە شاری بۆینس ئایرسی پایتەختی ئەرجەنتین و سەردانە مێژووییەکەی ساڵی 2021ی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات.
لەبارەی سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان،لە 5 بۆ 8ی ئاداری 2021، پاپا لە کتێبەکەیدا نووسیوویەتی "سەردانەکەم بۆ موسڵ وەکو تیرێک لە دڵت بدات وابوو. ئەو شارە کە یەکێکە لە شارە هەر کۆنەکانی جیهان و پڕیەتی لە مێژوو و دابونەریت و شاهێدی هاتن و رۆیشتنی چەندین شارستانییەت بووە. هەمیشەش سیمبوڵی پێکەوەژیان و فرە کولتووری لەنێوان عەرەب، کورد، ئەرمەنی، تورک، کریستیان و سریانی بووە، بەڵام کاتێک تەماشام دەکرد، بووتە گۆڕەپانێکی پڕ لە داروپەردوو لەدوای ئەوەی ماوەی سێ ساڵ لەلایەن داعشەوە داگیر کرا و ئەو شارەی کردە پێگەی بەهێزی خۆی."
هەروەها پاپا لە درێژەی قسەکانیدا لەبارەی سەردانەکەی بۆ عێراق رایگەیاند، ئەو سەردانە لەڕووی لۆجیستیکییەوە زەحمەت بوو، "بەڵام بەهۆی رێکارە ئەمنییەکان و هەروەها کۆڤید 19، سەردانەکە ئەوەندەی دیکە زەحمەتتر کرابوو."
پاپا ئاماژە بەوەش دەکات "لەلایەن هەمووانەوە داوام لێکرا ئەو سەردانە نەکەم، بەڵام هەستم دەکرد دەبێت هەر بچم بۆ خاکە هاوبەشەکەی جوو، کریستیان و موسڵمانان."
لە درێژەی یاداشتەکەیدا، پاپا ئاماژە بەوە دەکات کە دەزگەی هەواڵگریی بەریتانیا ئاگاداریان کردووەتەوە لە سەردانەکەی بۆ شاری موسڵ دوو جار هەوڵی کوشتنی دراوە؛ یەکێکیان لەلایەن ئافرەتێکەوە کە تەقەمەنی لەخۆی بەستووە و و ئەوی دیکەشیان لەلایەن لۆرییەکی بۆمبڕێژکراو، بەڵام هەردوو هێرشەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە پووچەڵکرابوونەوە.
لەوبارەی هەوڵی کوشنییەوە، پاپا دەڵێت "ئەوە ناخمی هەژاند و هەستیشم کرد بەرهەمی ژەهراوی جەنگە."